هەرێمی کوردسانی عێراق ئیدیعای ناردنی چەک لە ناوچەکانیانەوە بەرەو ئێران ڕەت دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە چەک لە خاکەکەیەوە نێردرابێتە ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی شەممە 19-11-2022، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی ئێران، هەواڵێکیان لەسەر زاری جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا کە ئێستا هیچ پۆستێکی حکوومی و فەرمی لە ئەمریکا نییە بڵاو کردووەتەوە کە گوایە چەک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەواڵەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک رێگەمان نەداوە و رێگەش نادەین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە تێکبدرێت و "ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستیەوە".