ناتۆ ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەناوبردنی کوردەکانی سووریا دەکات

بەشی جیهان- گۆڤاری کارێنت ئفیرز جەختی لەوە کردەوە کە ناتۆ بە بێدەنگی بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا دەستی لە لەناوبردنی کورد بەتایبەت لە سووریا هەیە.

بەپێی هەواڵی کۆردپرێس، گۆڤاری سیاسی-فەرهەنگیی ئەمریکی کارێنت ئفیرز لە وتارێکدا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەورووپا و ناتۆ لەبارەی تورکیا گرتووە. ئەم گۆڤارە بەراوردی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات هەمبەر شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەلایەکەوە و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی تورکیا بە تایبەت بەرامبەر بە کورد بە شێوازێکی ڕوونتر لە دژی کوردی سووریا لەلایەکی دیکەوە.

ئەم گۆڤارە دەستەواژەی دوو ستانداردی بەکارهێناوە بۆ وەسف کردنی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ لەبارەی ئۆکراینا لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە.

لە درێژەی ئەم وتارەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ناتۆ، سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوایی، بەردەوام ڕووداوەکانی ئۆکراینا شەرمەزار دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە ڕووداوی هاوشێوە لەلایەن تورکیاوە لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدرێت بەڵام ناتۆ و ڕۆژئاوا بەتەواوی بێدەنگن.

ئەم گۆڤارە پێی وایە کە ناتۆ بە بێدەنگیی خۆی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی تورکیا لە دژی کوردەکانی سووریا، لەوانەش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کوردەکانی سووریا، لە ڕاستیدا یارمەتیی لەناوچوونی کورد دەدات.

کارێنت ئفیرز وەبیری هێنایەوە کە کوردەکانی تورکیا دەستبەرداری هزری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بوون، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ بێدەنگ بوون و هیچ ڕێوشوێنێکیان بەرامبەر بە پرسی چارەسەرنەکراوی کورد لە تورکیا نەگرتووەتەبەر.

گۆڤارەکە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیای لە باکووری سووریا لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بۆ داگیر کردنی ناوچە کوردنشینەکانی عەفرین، گرێ سێپی و سریکانی وەبیر هێناوەتەوە و ئەم وڵاتەی تۆمەتبار کردووە بە کۆمەڵکوژیی کوردەکان و دواتر گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە.

کارێنت ئفیرز ئاماژەی داوە بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی باکووری عێراق و کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی مەدەنی کوردی عێراق و تەنانەت گەشتیارانی عەرەبیش و ڕەخنەی لە بێدەنگیی ڕۆژئاواییەکان گرتووە.

News Code 7301

Your Comment

You are replying to: .
captcha