خاکی عێراق نابێته‌ پێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێکى دراوسێ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ کۆبووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا کە ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيی یه‌کهه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی کرده‌وه‌ و یه‌کڕیزی و هه‌ماهه‌نگييان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارييه‌کان له‌ بوارى ئابووری و بژێوی ژیان و خزمه‌تگوزاریه‌کاندا به‌ پێویست زانی به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیيانى عێراق.

سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ دووپاتی کرده‌وه، ‌حکوومه‌تی فیدراڵ پابه‌ندى ‌ده‌ستووری عێراقه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ‌شێوه‌یه‌ک که ‌مافی هه‌موو پێکهاته‌کان مسۆگه‌ر بکات.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان، دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆکوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ کرد بۆ متمانه‌وه‌وه‌رگرتنی حکوومه‌ته‌که‌ی و گه‌شبینيی خۆی به ‌تواناکانی حکوومه‌تی نوێ له‌ گواستنه‌وه‌ی وڵات بۆ قوناغێکی جیاوازتر ده‌ربڕى که‌ زمانی لێکگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری تيايدا زاڵ بێت.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌منی له ‌ناوچه‌ سنووریيه‌کانی عێراق کرا و داکۆکى له‌ هاوکاریی نێوان هه‌ردوولا کرايه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌روه‌ريی عێراق و ره‌تکردنه‌وه‌ی به‌زاندنه‌ به‌رده‌وامه‌کان و کارکردن بۆ ئه‌‌وه‌ی خاکی عێراق نه‌بێته‌ پێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێکى دراوسێ.