هێرشەکانی تورکیا لەدژی کوردەکان، هەڕەشەیە لەسەر سەربازەکانمان
بەشی جیهان- وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هۆشداری دایە تورکیا و رایگەیاند هێرشەکانی تورکیا لە باکووری سووریا هەڕەشەن لەسەر سوپای ئەمریکا لەو ولاتەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە باکووری سووریا لەدژ کوردەکان، سەلامەتیی گیانی سەربازانی ئەمریکای لەو وڵاتە خستووەتە مەترسییەوە و بەهەڕەشە بۆسەر گیانی سەربازەکانی ناوی بردووە.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی تورکیا راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆسەر گیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی ئەمریکا لەو وڵاتە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەو وڵاتەدان و توانیویانە زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی سەر بەڕێکخراوەکە دەستگیر بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا دەزانێت تورکیا گرفتی ئەمنی هەیە بەڵام پێویستە زیاتر جەخت لە سەلامەتی و پارێزراوی ئەو سەربازانە بکرێتەوە دژی رێکخراوی داعش لە شەڕدان لە خاکی سووریادا، و ئەمریکا نزیکی ٩٠٠ سەربازی لەسوریادا هەیە و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا کە بەشی زۆری کوردە دژی داعش شەڕدەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە تورکیا هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوودی وەک کاردانەوەیەک بۆ تەقینەوەکەی شەقامی تەقسیمی ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ ناوبرد کە کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی دەیانی دیکەی لێکەوتەوە و یەپەگەی پێ تۆمەت بار کرد.