ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا دەبێت گوشار بخاتەسەر ئەنقەرە
بەشی سووریا- فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، داوا لە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی کورد و سەرەکیترین هاوپەیمانی واشنتن دژی داعش لە سوریا جێبەجێ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانێ بە ماڵپەڕی "Politico"ـی ئەمریکیی راگەیاندووە، کورد داوا لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات، هێرشی گریمانەکراوی زەمینی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا رابگرێت چوونکە بەردەوامیی هێرشەکان دەبێتەهۆی پەکخستنی ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش.

 
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، تائێستا هەڵوێستەکانی ئەمریکا نەبوونەتە هۆکار بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا، بەڵکوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەپاساوی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ، هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکات بۆ سەر باکوری سوریا.

مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت، جۆو بایدن لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا جەختی لەوەکردوەتەوە کە ئەو ببێت بە سەرۆک "خیانەت لە کورد ناکات وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا کردی بە کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە باکووری سووریا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارەبون".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ئێمە پێمانوایە ئەرکی سیاسی و مرۆیی ئیدارەی سەرۆک بایدنە کە پارێزگاری لە شارەکان، لە کورد و کەسوکاری ئەو 12000 شەهیدە بکات کە شانبەشانی ئەمریکا لە شەڕی داعشدا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها داوا دەکەین واشنتن فشارەکانی لەسەر ئەنقەرە زیاتر بکات، چوونکە تا ئێستا ئەو لێدوانانەی کە دراون بەس نین بۆ وەستاندنی پلانەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی نوێ دژی ئێمە".

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی تورکیا کەمپەکانی پەنابەران و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش بە ئامانج دەگرن کە دەیان هەزار چەکداری پێشوی داعش و خێزانەکانیانی تێدایە، لەوانەش زیندانێکی تایبەت بە چەکدارانی داعش کراوەتە ئامانج کە 500 چەکداری ئەو رێکخراوەی تێدا بووە.