راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە دوکان بڵاو کرایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمدا  داوا دەکەن ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.

کوردپرێس:

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەخت لە توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کرایەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەكەدا پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، ڕووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان لە ماڵی مام، کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عێراق و ھەرێم بەڕێوەچوو.

تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان گفتوگۆکردن بو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە.

کۆبوونەوەکە جەختی لە توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. ھەروەک ھاوڕابون لەسەر زەمینەخۆش کردن بۆ فراوان کردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی واقیعی ھەرێم و عێراق بوەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵ بوون بەسەر تەحەددییەکاندا.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزی نیشتمانی.

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و ڕوونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتوەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لەروی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە. کار بکرێت بۆ دروست کردنی ئەنجومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزمونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاری کردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا.

کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچونەوەی گەندەڵی، ڕووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.

بڕیاریش درا ئەم کۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامیی ھەبێت.

News Code 7327

Your Comment

You are replying to: .
captcha