پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە لایەنە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران کرد کۆتایی بە چالاکیی و ئامادەبوونیان لە هەرێمی کوردستان بهێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دلشاد شەعبان، لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی "بەغداد الیوم" ڕایگەیاندووە کە بوونی لایەنە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە هەرێمی کوردستان، بیانوو دەداتە دەستی ئێرانەوە بۆ درێژەدان بە بۆردوومان کردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و داوای لەو لایەنانە کردووە کۆتایی بە چالاکییەکانیان لە هەرێم بێنن.

شەعبان دەشڵێت: هەر لایەنێک بیەوێت داکۆکی لە مافەکانی بکات پێویستە شوێنێکی گونجاو هەڵبژێرێت جگە لە هەرێمی کوردستان، چوونکە بوونی ئەو لایەنانە لە هەرێم زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر و هێزی پێشمەرگەی هەرێم هێزە ئەمنییەکانی خۆی لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا جێگیر کردووە.