یەکێتی پێشوازی دەکات لە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لەسەر سنوورەکانی هەرێم
بەشی جیهان- ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەیەکی نوێیدا ئاشکرای کردووە "بڕیاری دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی عێراقی لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و ئێران بۆ رێگری کردن لە هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر خاکی عێراق، لە لەلایەن کوردەکانەوە بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی پێشوازیی لێکراوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامە سعودییەکە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە "ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاری لێدرا، لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەی بوو".

شەرقولئەوسەت دەڵێت، ئەو بڕیارە لەلایەن یەکێتیەوە پێشوازیی لێکراوە و وەک هەوڵێک بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە تەماشاکراوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق چوار بڕیار درا کە بریتی بوون لە:

- بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوورەکان.

- دابین کردنی پشتیوانی لۆجستیکی بۆ ئەو هێزانە.

- مانۆڕکردن بەو توانا مرۆییانەی لەبەردەستی وەزارەتی ناوخۆدایە بۆ بەهێزکردنی بنکە سنوورییەکان.

- هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە.