ڕاوێژکارێکی مەسروور بارزانی هێرشی توند دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەسەر کۆبوونەوەکەی دوکان ڕایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام  دەبێت باش ئەو راستییە بزانێت، کە هەموو ئەوانەی لە رابردوودا دژی هەرێمی کوردستان بوون، شکستیان هێناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان محەمەد سابیر، راوێژکاری مەسروور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و حزبەکانی هەرێمەوە لە دوکان بە ناونیشانی "بۆمبەکەی (دوکان)یش پووچەڵ دەکەینەوە "نووسیویەتی: بافڵ تاڵه‌بانی، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی بەشێک لە حزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، نامه‌ی (جه‌میل بایک)ی سه‌رکرده‌ی په‌که‌که‌ی خوێندۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نامەی دەنگیی (مەزڵوم کۆبانی) لێداوەتەوە، کە ئەو دوو سەرکردەی پەکەکە، بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی دوکان کراون، بەڵام نەیانتوانیوە ئامادەبن!

دەشڵێت: پێتان سەیر نەبێ، کە بافڵ تەنها پەکەکەی بانگهێشت کردووە و حزبەکانی تری کوردستانی بانگهێشت نەکردبوو، چوونکە ئەوەی بافڵ پیلانی بۆ داناوە، دژایەتی هەرێمی کوردستانە، بە پشتیوانی دوژمنانی هەرێم.

باسی لەوەش کردووە، ئەگەرچی نوێنەری پەکەکە لە کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام ئەگەر پیلانگێڕی نەبێ، بانگهێشتی جومعە و مەزڵوم بۆ چییە؟ لە کاتێکدا بافڵ حزبەکانی وەها بانگهێشت کردبوو، کە بۆ بابەتی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمە، پەکەکە چ پەیوەندی بە کێشەی یەکێتی هەیە لە ناوخۆی هەرێم؟

ڕاوێژکارەکەی مەسروور بارزانی نووسیویشیەتی: خەڵک باش دەزانێ، بافڵ تاڵەبانی پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بافڵ دەبێت باش ئەو راستییە بزانێ، کە هەموو ئەوانەی لە رابردوودا دژی هەرێمی کوردستان بوون، شکستیان هێناوە، هەرچەندە لەناو کۆبونەوەکەشدا، وەڵامی بافڵ دراوەتەوە و بیرۆکە و رایەکانی رەتکراوەتەوە، بەڵام ئەو بۆمبەی دوکان، وەک هەموو بۆمبەکانی رابردوو، پوچەڵ دەکەینەوە.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت: ئێستاش وەک رابردوو، پێشمەرگە و خەڵک و جەماوەری بێشوماری دڵسۆز، بە خوێن بەرگری لە خاک و قەوارەکەیان دەکەن، بۆیە باشترە کەس سەر لە بەرد نەدا و یاری بە ئاگر نەکات.

قسەکانی ڕاوێژکارەکەی مەسروور بارزانی هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشە میدیاییەی کە میدیا نزیک و سێبەرەکانی مەسروور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەکەی دوکانەوە بۆسەر بافڵ تاڵەبانی دەستیان پێکردووە.