ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر فراوان کردنی پشتێنه‌ ئه‌منیی سنووره‌کانی باشووری تورکیایە
بەشی تورکیا- سه‌رۆک کۆماری تورکیا رایگه‌یاند، سوورین له‌سه‌ر ئیراده‌ی تورکیا بۆ دروست کردنی پشتێنه‌یه‌کی ئه‌منی به‌ قووڵایی 30 کیلۆمه‌تر بۆ پاراستنی سنووره‌کانمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ وتارێکدا له‌میانه‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی حکوومه‌تی وڵاته‌که‌ی ڕایگه‌یاند: "نابێت ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا که‌ ئامانج لێی فراوانکردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی سنووره‌کانی باشووری تورکیایه‌، تێکبده‌ین، وه‌ک چۆن تورکیا کاتێک هه‌نگاوی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایشی خاک و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌نێت، داوای مۆڵه‌ت له‌ هیچ که‌س ناکات، هه‌روه‌ها لێپرسینه‌وه‌ش له‌ هیچ که‌سێک قبووڵ ناکات".

ناوبراو وتیشی، "پێویست ناکات به‌رگه‌ی دوو ڕوویی ئه‌و که‌سانه‌ بگرین که‌ له‌ ڕێگه‌ی یارییه‌کانی گۆڕینی ناوه‌وه‌، پشتیوانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی په‌که‌که ‌و درێژکراوه‌کانی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی به‌ وتاری دیموکراسی و ماف و ئازادیه‌کان قسه‌ی ناشرینمان پێده‌ڵێن، پێویسته‌ سه‌ره‌تا گرنگی به‌ تیرۆریستان و لایه‌نگرانی وڵاته‌کانیان بده‌ن".

ئەردۆغان ده‌شڵێت، "چیتر که‌س ناتوانێت له‌ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌وه‌ وڵاته‌که‌مان ناچار بکات بۆ هه‌ڵوێستێک که‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان بێت".

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "نابێت هیچ که‌س له‌ سیاسه‌ته‌کانی تورکیا که‌ سه‌نته‌ری دادپه‌روه‌ری و هاوپشتی و کرانه‌وه‌ی دیپلۆماسیه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و هاوکاریی تورکیا تێکبدات، له‌مه‌ودوا ماوه‌ی ڕه‌وایه‌تی ئه‌و تیرۆریستانه‌ ته‌واو بووه‌ که‌ دوێنێ له‌و چاڵانه‌ی که‌ هه‌ڵیانکه‌ندون به‌خاکمان سپاردوون و ئه‌و تونێله‌ کۆنکرێتییانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ تێیدا په‌نایان داوه‌ ده‌یکه‌ین به‌ گۆڕی خۆیان".

سه‌رۆک کۆماری تورکیا باسی له‌وه‌ش کرد: "ئه‌وانه‌ی له‌ دووریی هه‌زاران کیلۆمه‌تره‌وه‌ بۆ ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی خۆیان هاتوون و هه‌موو شوێنێکیان وێران و سووتاندوه‌ به‌بێ جیاوازی له‌ نێوان تیرۆریست و بێتاوان، ده‌بێت ڕێز له‌م هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا بگرن".

ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه‌، "دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی هه‌تاهه‌تایی له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا نییه‌، هه‌ربۆیه‌ تورکیا پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانیدا ده‌کات، هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌پێی بارودۆخی ئه‌و قۆناغه‌ مامه‌ڵه‌ بکرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌بر له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کان بدرێت".