بە پشت بەستن بە گەل و گەنجانی ورەبەرزەوە ڕووبەڕووی دوژمنانی پێشکەوتنی عێراق بوەستن

بەشی ئێران- رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازیی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە بەیانی ڕۆژی سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمارەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند: پێشکەوتنی عێراق و گەیشتنی ئەم وڵاتە بە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد بەبۆنەوە وەرگرتنی ئەرکی سەرۆکایەتی حکوومەت و جەختیشی کردەوە کە عێراق وڵاتێکی گەورەیە بە سامان و گەنجەکانی و گەلەکەی شایستەی سەقامگیری و خزمەتگوزاریەکانە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: عێراق باشترین دەوڵەتی عەرەبییە لە ناوچەکەدا لە ڕووی هەبوونی سامانی سروشتی و مرۆییەوە، پێشینەیەکی مێژوویی و شارستانی هەیە، بە داخەوە لەگەڵ ئەو مێژووەی هەیەتی نەیتوانیوە لە پێگەی بەرز و راستەقینەی خۆیدا بێت.

ئایەتۆڵڵا خامنەی ئەوشی خستەڕوو: "بە داخەوە ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە، تەنها رێگا چارەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بۆ ئەو ناوچانە".

ئایەتۆڵڵا خامنەیی وتیشی: "ئاسایشی عێراق ئاسایشی کۆماری ئیسلامیە، وداوای لەگەلی عێراق کرد زیاتر یەکگرتوو و یەکڕیز بێت."

هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەی نێوان محەمەد شیاع سودانی ئایەتۆڵڵا خامەنەییدا، سەرۆک وەزیران سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ پشتگیری کردن و پاڵپشتی کردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆر، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامی ئەو هەوڵە هاوبەشانەی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و ماددە هۆشبەرەکان.

ئەوەش هاتووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژە بەگرنگی بەردەوامی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاکانی دا، ڕوونی کردەوە کە حکوومەتی عێراق پێداگرە لەسەر ئەوە کە عێراق نابێت ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر دراوسێکانی، دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتەکەی ئابووری و خزمەتگوزاریەکانی لەسەروی کارە لەپێشینەکانی داناوە، و هیوای خواست پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی زیاتر جێبەجێ کردنی ئەم کارانە.

News Code 7348

Your Comment

You are replying to: .
captcha