بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تورکیا هێزی بردووەتە سەر سنووری ئەو ناوچانەی سووریا و کوردستانی سووریا کە لە لایەن ئەنقەرە و گرووپە چەکدارە سوورییە نزیکەکانیەوە کۆنترۆڵکراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، تەنیا چەند رۆژێکی کەمیان پێویستە بۆ ئەوەی دەست بە لەشکرکێشییەکی نوێ بکەن بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
فەرماندەکەی هەسەدە دەشڵێت: "ئەمریکا و رووسیا دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەوان دژی هێرشی زەمینیی تورکیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر".
هۆشداریش دەدات لەوەی "تورکیا هەر هێرشێکی زەمینی بکات، هەسەدە ئامادەیە بەرپەرچی بداتەوە و شکستی پێ بهێنێت، هەروەها شەڕێکی گەورە و بەرفراوان هەموو سنوور دەگرێتەوە".
ناوبراو لە پەیامێکدا داوا دەکات ئەمریکا رێگری لە هێرشیی زەمینیی تورکیا بکات، چونکە بە وتەی عەبدی، ئەنقەرە دەیەوێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناوببات.
Your Comment