تورکیا لە ڕێگای ڕووسیاوە دوایین هۆشداری دەداتە کوردەکانی سووریا
بەشی جیهان- سەرەڕای ئەوەی لەلایەن شاندێکی سه‌ربازیی رووسیاوە کوردەکانی سووریا هۆشداری کۆتایییان لە ئەنقەرەوە پێگەیشت، رەتیده‌كه‌نه‌وه‌ لە ناوچە نوێیەکانی باکووری سوریا بكشێنه‌وه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەلێکساندەر چایکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا، هۆشداری کۆتایی بە مەزلووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە گەیاندووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ئەو بەرپرسە ڕووسییە بە سەرکردە کوردەکەی راگەیاندووە، تورکیا پێداگری لەسەر ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکات و مۆسکۆ ناتوانێت رایبگرێت ئەگەر هه‌موو هێزەکانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) لە عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ) و منبج و تەل ڕه‌فعەت نەکشێنەوە و ناوچەکە رادەستی هێزەکانی ڕووسیا و سوپای سووریا نه‌کەن.

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رایگه‌یاند، داوا لە هێزەکانی نەکراوە لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی باکووری سووریا بکشێنەوە و ئەگەر داوایان لێبکرێت رەتیدەکەنەوە.