جارێکی دیکە جه‌خت له‌سه‌ر پشكی سه‌دا 17ی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان دەکرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشکرای کرد، رێژه‌ی 17% له‌ بوودجه‌ی گشتی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌ شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانین و جەختی لەسەر دەکەینەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ی رایگه‌یاندووە: "شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر و له‌باره‌ی دۆسییه‌كانی بوودجه‌، نه‌وت، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و دروست كردنی هه‌ماهه‌نگی له‌ كاره‌كانی چاودێری دارایی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنیدا گفتوگۆی جددی كراوه‌."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، "كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی كۆتایی نه‌هاتووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن به‌ نیه‌تی باشه‌وه‌ له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ به‌غداین و ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌و شانده‌ یان شاندی هونه‌ری تایبه‌ت به‌ كاركردنی ئه‌و دۆسیانه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌چینه‌وه‌ به‌غدا."

له‌باره‌ی پرسی داڕشتنه‌وه‌ی بوودجه‌ی 2023، جووتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی گفتوگۆكراوه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر شایسته‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی 2023 كراوه‌ته‌وه‌،گوتیشی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌راشكاوی تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ رێژه‌ی 17% له‌ بودجه‌ی گشتی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌ شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانین و دیاریكردنی پشكی 12.67% بۆ هه‌رێمی كوردستان سته‌ملێكردنە، هیچ بنه‌مایه‌ك یاخود سه‌رژمێرییه‌ك نییه‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان."

سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی نه‌وت و غاز، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی هه‌ولێر به‌ ده‌ستووری عێراق و كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌كه‌ی سوودانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرده‌وه‌ و گوتی: "دانانی ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تدا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ تاوه‌كو یاسای نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت، پێویسته‌ قابیلی جێبه‌جێكردن بێت و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور نه‌بێت."

جووتیار عادل باسی له‌ گفتوگۆكانی چه‌ند رۆژی رابردوو كرد له‌نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، رایگه‌یاند: "سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ روونه‌ و به‌ حكوومه‌تی عێراقیش راگه‌یه‌ندراوه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆچوون و تێگه‌یشتنی خۆی هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ یاسای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه ‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان یان ده‌بێت میكانیزمێكی هاوبه‌ش بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی هه‌بێت، بۆ به‌ڕێوه‌بردن و كۆنترۆڵ كردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌ مافێكی ده‌ستووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە."

له‌باره‌ی دۆسیه‌ی چاودێری دارییه‌وه‌، جووتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ گفتوگۆكاندا جه‌خت له‌سه‌ر رێكخستن و دروست كردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان كاروباره‌كانی چاودێری داریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، لیژنه‌ی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی فیدراڵی ئەنجامداوە و دوای كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ش، شانده‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر.