ئەرکی لێژنەی مادەی 140 رێگری کردنە لە تەعریب
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، کە نووسراوی فەرمی بۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان کردووە، بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق پابەند بکەن بەوەی لە بەرنامەی کاری خۆیدا باسی نەوچە کوردستانییەکان و کاراکردنەوەی لێژنەی مادەی ١٤٠ بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جوان یوونس رۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لە پەرلەمانی کوردستان بە باسنیوز-ی راگەیاندووە : 'ئێمە هەمیشە وەک لێژنەی خۆمان داوامان کردووە لێژنەی مادجەی 140ی دەستوور کە لە 2014وە پەک خراوە کارا بکرێتەوە، چونکە قۆناغەکانی ماددەکە کە پێیدا تێدەپەڕێت پێویستی بەو لێژنەیە هەیە بۆ ئەوەی بەرەو جێبەجێکردن بڕوات، لێژنەکەش دەتوانێت قەرەبووی خەڵکی ئەو ناوچانەی بکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگاکەی خۆیان و رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکاتەوە، هەروەها سەرژمێری بکات و دواتر ریفراندۆم بکات، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە ئایا دەیانەوێ سەربە هەرێمی کوردستان بن یان دەیانەوێ سەربە حکوومەتی عێراق بن".

هاوکات روونیشی کردەوە کە لێژنەیەکی دیکەش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، پێی دەڵێن لێژنەی کاتیی ماددەی 140، پێویستە ئەو لێژنەیەش کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چاودێربێت بەسەر ئیشوکاری لێژنەی ماددەی 140ی عێراق.

ئەوەشی خستە روو کە ئەرکێکی دیکەی لێژنەی ماددەی 140 ئەوەیە کە رێگری لە تەعریب بکات و ئەو خەڵکانەی بە تەعریب لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە براون، دەبێ بگەڕێنەوە پارێزگاکەی خۆیان، واتە رێگری لە تەعریب دەکات.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عێراق، نووسراوێکمان ئاڕاستەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا، پابەندیان بکەن بەوەی لە بەرنامەی کارەکەیاندا باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جێبەجێ کردنی کاراکردنەوەی ماددەی 140 بکات، خۆشبەختانە لە بەرنامەی کاردا هەبوو و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش خوێندرایەوە، بەڵام ئەگەر پابەندی خاڵەکانی بەرنامەی کاری نەبێت، ئەوکاتە ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت بەدواداچوون و لێپرسینەوەی لێ بکەن کە بۆ جێبەجێ نەکراوە.