پارتی زۆرینەیە، بەڵام ئەگەر هاتە سەر چارەنووسی هەرێم؛ زۆرینە و کەمینە ناخوات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی سیاسی یەکێتی دەڵێت هەر کەسێک بڵێت لە شەڕی ناوخۆدا ئاشتیخواز بووم راست ناکات، داوای دۆستانەم لە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی هەیە کە لە قسەکردندا ورد بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "پارتی زۆرینەیە، بەڵام ئەگەر هاتە سەر چارەنووسی کوردایەتی، زۆرینە و کەمینە ناخوات" گوتی "هێزی چەکدار دەبێت حسابێکی تایبەتی بۆ بکرێت، تەنانەت یەکێتی گەر کوردسییەکیش بێنێت، ناتوانرێت حسابی بۆ نەکرێت".

ناوبراو راشیگەیاند "سودانی یەک کورسی هەیە، بەڵام سەرۆکوەزیرانە، لە هەمانکاتدا هێزی چەکدار دەبێت حسابی تایبەتی بۆ بکرێت".

ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی سیاسی یەکێتی وتیشی: "ناڵێم بڕیار لە دوو ئیدارەیی دراوە، بەڵام بیری لێکراوەتەوە و خراپترین ئەگەر ئەوەیە یەکێتی و پارتی بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، یەکێتیش لە حکومەت رازی نییە لەئێستادا."

مەلا بەختیار رایگەیاند "ئەگەر یەکێتی و پارتی رێکنەکەون لە پرسە ئبووری و ئیدارییەکان، ئەو هەڕەشەیە هەیە کە بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، داوای یەکێتی ئەوەیە بودجە لە یەک شوێن کۆبکرێتەوە و بە یەک چاو خزمەت بکرێت."
سەبارەت بە نەچوونی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتی "من خۆم وەکو شەخسیی خۆم لەگەڵ هیچ جۆرە بایکۆتێکدا نیم".

ناوبراو وتیشی: "داوا لە پارتی دەکەم ئەوەندە باسی 16ی ئۆکتۆبەر نەکات و ئەوەندە لەسەری نەڕوات، با ئیتر نەبێتە گرێکوێرە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا".

مەلا بەختیار دەیشڵێت "لە هێرۆ خان و کاک مەسعوودم بیستووە کە مام جەلال دوو کوڕەکەی سپاردووە بە کاک مەسعوود و پێیوتووە کە وەک برازا سەیریان بکات".

ناوبرا وتیشی: "رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی کاتی خۆی مام جەلال و کاک نەوشیروان نووسییان و ئێمە ئەو کات وەک مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی تێبینی زۆرمان هەبوو لەسەری".

مەلا بەختیار وتیشی "گەمارۆ لەسەر سلێمانی هەستپێدەکەم و 15 سەرمایەداری دیکە بەنیازن سلێمانی جێبهێڵن و سلێمانی گەمارۆ دراوە".


مەلا بەختیار راشیگەیاند "هێزی نوێ تەنیا لە سلێمانی دروست نەبوون، لە هەولێر و دهۆکیش ئەو هێزە نوێیانە هەن" وتی "یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە هەڵبژاردندا 700 هەزار دەنگیان کەمیکردووە".


سەبارەت بە بافڵ تاڵەبانی یەکێتی ئێستا وتی "لە دوای 8ی تەمموز یەکێتی جەزرەبەیەکی گەورەی بەرکەوت و گەر هەڵەکانی چارەسەر نەکات، تووشی داڕمانێکی گەورە دەبێت".

وتی: "کۆنگرەی چوارەم موئامەرە بوو لە سەرکردە و ئایکۆنە کۆنەکانی یەکێتی و دەبێت کۆنگرەیەکی دیکە ببەسترێت ئیدانەی دوایین کۆنگرەی یەکێتی بکرێت، ئەو کۆنگرەیە سەرکردە کۆنەکانی دوورخستەوە".

وتیشی: "بەبڕیاری کاک مەسعوود و نووری مالیکی هاوکێشەی سەرۆککۆمار لە نیو سەعات پێش خولی دووەمدا گۆڕدرا و بەرهەم ساڵح دوور خرایەوە، تاکە کاندیدی یەکێتی بەرهەم ساڵح بوو، بەڵام ئەو دوو زاتە گۆڕییان".

News Code 7360

Your Comment

You are replying to: .
captcha