دەمیرتاش داوا لە دەزگای دادی تورکیا دەکات مۆڵەتی دیدار لەگەڵ ئوجەلانی بۆ دەربکات
بەشی تورکیا- سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک لە ئەندامانی HDP  بەجیا داوا لە دەزگای دادی تورکیا دەکەن مۆڵەتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی بەندکراوی PKKیان بۆ دەر بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەمیرتاش، بە مەبەستی دیداری دەنگ و رەنگ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داواکاریی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.

 لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەمیرتاش گوتی، "نووسراوێکم ئاراستەی وەزارەتی داد کرد کە تێیدا داوای دیدارم لەگەڵ ئۆجەلان کردووە. بۆ ئەوەی رێگە بە دروست کردنی گێرەشێوێنی نەدەم، باس لەمانە دەکەم."
 
 دەمیرتاش گوتیشی : "نە من و نە بەرپرسانی هەدەپە هیچ پەیوەندی و دیدارێکمان لەگەڵ ئیمراڵی نەبووە. تەنانەت بچووکترین ئاماژە یان زانیاری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە ئارادا نییە، بەڵام ئێمە نامانەوێ دابنیشین و هەر سەرەخۆشی بکەین لە بەرامبەر ئەم پشێوییەی رۆژانە لە هەڵکشاندایە و گیان لەگەڵ خۆیدا دەبات.
دەمیرتاش جەخت دەکاتەوە، ئێمە وەکوو سیاسەتڤانان ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لەپێناوی وەستاندن و پێشگیری لە شەڕ و پێکدادان دەکەین.
 
دەمیرتاش ڕاشیدەگەیەنێت: "لەکاتێکدا لە تورکیا دیدار و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، مورسی [سیسی]، سعوودیە، ئیمارات تا دەگاتە ئیسرائیل بە رەوا دەزانرێت، بەڵام کە نۆرەی کورد دێت، وشەی تیرۆر دەخەنە نێوان دوو کەوانە و تەنیا بژاردەی ئۆپەراسیۆن و چەک هەیە. ئەمە بە سیاسەتێک دەزانم کە ناڕەزایی زۆر هەڵدەگرێت".
 
دەمیرتاش نموونە بە مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئی پارتی و دوغو پەرینچەک دێنتەوە کە گوتبوویان "با حکوومەت ئەرکدارمان بکات، دەڕۆین لەپێناوی ئاشتی و ئاسایشی تورکیا لەگەڵ ئەسەد کۆدەبینەوە."

ناوبراو دەڵێت: "ئێمەش بە هەمان مەبەست دەمانەوێ لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببینەوە. دۆخەکە ئەمەیە. تا ئەوپەری نیازپاکییە و لەو باوەڕەدام و هیواداریشم پشتگیرییەکی گەورە لەلایەن شەقام بۆ ئەمە هەبێت".