نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و باڵیۆزی ئێران لەو وڵاتە، کۆبوونەوە

بەشی ئێران- لە کۆبوونەوەیەکدا باڵیۆزی ئێران لە عێراق داوای کرد نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە پشتیوانی کردنی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و ناوچەیی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە باڵیۆزخانەی ئێران کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەکەش کردووە، لەگەڵ گفتوگۆ کردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان و پشتیوانی کردنی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە".

پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە "رۆڵی پۆزەتیڤ"ی هاوئاهەنگیی نێوان ئێران و عێراقی کردووە لە بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیپێدانی کردووەتەوە.

محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێرانی بە "هەنگاوێکی گرنگ و نایاب" وەسف کردووە.

باڵیۆزی ئێران داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە پشتیوانی کردنی حکوومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و هەرێمی، هەروەها ئاماژەی بۆ کاریگەریی ئاسایشی عێراق لەسەر ئاسایشی دراوسێیەکانی و سەقامگیریی ناوچەکەی کردووە.

News Code 7362

Your Comment

You are replying to: .
captcha