میدیای فەرمیی سووریای کوژرانی خەلیفەیەکی داعشی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند

بەشی سووریا- ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا  دەڵێت، ئەبوو حەسەن هاشمی قورەشی، خەلیفەی داعش رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن سوپای سووریاوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ هەینی، 2-12-2022، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) زانیاریی لەبارەی کوژرانی ئەبوو حەسەن هاشمی قورەشی، خەلیفەی داعش بڵاوکردەوە کە داعش خۆی رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هەواڵی کوژرانی پشتڕاست کردەوە.

وەک سانا دەڵێت، خەلیفەکەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سوپای سووریا بە پشتیوانیی گرووپە خۆجێییەکان لە شارۆچکەی جاسم لە پارێزگای دەرعا لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کوژراوە.

میدیای فەرمیی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، هەر لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی خەلیفەکەی داعشیش کوژراون.

سانا هەروەها دەڵێت: "ئەو تیرۆریستە خەڵکی عێراق بووە و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوەکەی کردووە و بەرپرسی یەکەمی پلانەکانی تیرۆرکردنیش بووە لەناوچەی دەرعا".

News Code 7363

Your Comment

You are replying to: .
captcha