سوودانی لەژێر کۆتوبەندی پشکپشکێنەدایە
بەشی عێراق و هەرێی کوردستان- سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق رایدەگەیێنێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەژێر کۆتوبەندی پشکپشکێنە و سرووشتی بەرژەوەندییەکان دایە و پێویستە پێوەی پابەند بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، گومانی لە توانای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نییە، بەڵام ئەویش "لەژێر کۆتوبەندی پشکپشکێنە و سرووشتی بەرژەوەندییەکان دایە و پێویستە پێوەی پابەند بێت".

سەبارەت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بابەتی دزیی سەدە، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق گوتی: "پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سوودانی سەرکەوتوو دەبێت لە بڕینی هەموو زنجیرەکان لەوانەی لە دزیی سەدە تێوەگلاون، یان تەنیا لە ئاستێکی دیاریکراو دەوەستێت؟".

رائید فەهمی هەر خۆی وەڵامی پرسیارەکەی دەداتەوە دەڵێت: "بە مەزەندەی من ناتوانێت، چوونکە دۆسیە و بابەتەکە زۆر گەورەیە. رەنگە لە رووبەرێکدا بتوانێت کار بکات، بەڵام ناتوانێت ریشەی قەیرانەکان و فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانی ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات، چوونکە ئەمە بە بنەمای پشکپشکێنە گرێدراوە. لە پێکهێنانی حکوومەت و دابەش کردنی پۆستە باڵاکان ئەمە هاوکێشەی پشکپشکێنە دەردەکەوێت".

نوور زوهێر ناسراو ئەبو فاتیمە کە یەکێکە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی دزینی 2.5 ملیار دۆلارەکەی بانکی رافیدەین، لە 24ى شرینى یەکەمى 2022 لە کاتى هەوڵدان بۆ راکردن بۆ دەرەوە، لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستگیرکرا.

رۆژی 27ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا ئاشکرایکرد کە لەو 1.6 ترلیۆن دینارەى کە ئەو سەرمایەدارە لە بانکى رافیدەین بردوویەتى، 1.8 ملیار دینارى گەڕاندووەتەوە و بڕیاردراوە بە بارمتە ئازاد بکرێت، تاوەکو لە ماوەى دوو هەفتەدا بڕە پارەکەى دیکە بگەڕێنێتەوە، کە نزیکەى یەک ترلیۆن و 400 ملیار دینارە.