پەیوەندیمان بە کوژرانی خەلیفەکەی داعشەوە نییە/ ئەرکی سەرەکیی ئێمە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیایە
بەشی سووریا- هەسەدە رایدەگەیێنێت کە هیچ پەیوەندییان بە کوشتنی ئەبوو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی، خەلیفەکەی داعشەوە نەبووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە بەشداریمان لە کوشتنی سەرکردەی نوێی داعش، ئەبو حەسەن ئەلقورەشی نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکمان بە رووداوەکەوە نییە".

هەسەدە دەشڵێت، "پاراستنی ناوچەکانمان و گەلەکەمان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، گرنگترین ئەرکە بۆ هێزەکانمان لەم کاتەدا، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش هێزەکانمان رێگە نادەن داعش لەو هێرشانە و دەرفەتەکە بقۆزێتەوە لە داگیرکاری تورکیا و هێرش بکەن."

فەرماندەیی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانیان بە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی رێکخراو رێگری لە ئەگەری هێرشەکانی داعش دەکەن و "رێگری لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە کامپ و زیندانەکان".