ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت دوو ئیدارەییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار ساڵی خۆی تەواوکردوە و ئەوەی هەیە ئێستا حکومەتی کار بەڕێکەرە، بۆیە باوەڕی وایە لەم کاتەدا کات بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی نەماوە بەتایبەتیش کە "جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی و ئەوەی ئێمە تێیداین لە راستیدا دو ئیدارەییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێگەی راپۆرتی نەوتی عێراقی (Iraq oil export) ئاماژەی ڕایگەیاندووە: "لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە سیاسی کراوە، پێموایە ئیتر کات نەماوە بۆ ڕیفۆرم، پرۆژە، چاکسازی، چوونکە حکوومەت چوار ساڵی خۆی تێپەڕاند و ئەوەی هەیە ئێستا حکوومەتی کار بەڕێکەرە".

ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، "وا دەردەکەوێت کە دیوارێک لەنێوان ئێمە و سەرۆک وەزیران هەبێت، دەمانەوێت وەزیرێک بگۆڕین نایکەن، بەڕێوەبەرێک بگۆڕین نایکەن، وەزیرێک دەستلەکاردەکێشێتەوە نایکەن، زۆر قورس بوە.. جیاوازییەکی زۆریش دەکرێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی، لە پرۆژە و خزمەتگوزاری و موچە و پارەی دەرمان و پێشمەرگە و کۆمپانیاکان، ئەوەی ئێمە تێیداین لە ڕاستیدا دوو ئیدارەییە".

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ناتوانین دوور لە بەغدا و بەم حاڵە  بەردەوام بین، بەغدا یەکێکە لەهەڵبژاردەکان.. یەکێک لە زیانەکانی ئەم کەشوهەوای دژایەتییەش پلانەکانی حکومەتی هەرێم بوە بۆ دروستکردنی بۆری غازی نوێ بۆ هێنانی سەرچاوەی زیادە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەردو خاکی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا تۆڕێک کە دەتوانرێت بۆ ئاسانکاریی هەناردەکردنی داهاتو بۆ تورکیاش بەکاربهێنرێت".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاوکات دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکەی بە کۆمپانیای (KAR Group)ی عێراقی- کوردی کە نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشی، "هێزە ئەمنییەکای ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕێگریان لە دەستگەیشتنی کۆمپانیاکە کرد بۆ خاکی غازی سەرەکی بەشێوەیەکی کاریگەر پڕۆژەکەیان خستە سەر سەهۆڵێکی تواوە".

بۆیە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: "بەشێوەیەکی شەخسی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەو پێیەی گرێبەستەکە بە هیچ پرۆسەیەک و  بێ تەندەر دراوە بە گروپی  کار گروپ و سوکایەتییە بە خەڵکی کوردستان و عێراق کە ئەم شتانە ڕو بدەن.. ئێمە ده‌مانه‌وێت له‌ بڕیاردانی ستراتیژی سه‌باره‌ت به‌ که‌رتی وزه‌ به‌شدار بین، به‌ڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوه‌ به‌بێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و هاوبه‌شه‌کانی خۆی له‌پرۆسه‌که‌دا له‌گه‌ڵ به‌غدا کاربکات".

پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکانیش، سەرۆکی یەکێتی نیگەرانی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەکردوە: "بەهۆی دەروازەی مونزرییەوە، باشماخ و پەروێزخان زیانی گەورەیان بەرکەوتوە، هەمو بازرگانییە گەورەکان لەوێوە دەڕوات، لە حاجی ئۆمەرانیش بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، کراوە بە دەروازەی سەرەکیی ئێران بۆ هەرێم، لەناو حکومەتیشدا کەسانێک هەن ڕێگری لە بازرگانان دەکەن تا لە باشماخ و پەروێزخانەوە بازرگانی بکەن، بەڵام پارتی حاجی ئۆمەرانی هەیە، ئیبراهیم خەلیلی هەیە کە گەورەترین دەروازەی تورکیایە بۆ عێراق نەک تەنها هەرێم، هەروەها چەند مەرزێکی تریشی هەیە  کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "له‌دوای کۆچی دوایی سه‌رۆک مام جه‌لاله‌وه‌، له‌لای پارتی رێککه‌وتننامه‌ی ستراتیژی کۆتایی پێهاتووه‌ و له‌دژی کار ده‌کات بۆنمونه‌، حکوومه‌ت به‌ ئه‌نقه‌ست پاره‌ی خوێندکاران خه‌رج ناکات ئه‌مه‌ له‌به‌ر بێ داهاتی نییه‌، به‌ڵکوو بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ سلێمانی خۆپیشاندان ڕووبدات".

لەبارەی هێزەکانی دژەتیرۆریش، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، "دژه‌ تیرۆر که‌ باشترین و پرۆفێشناڵترین هێزی تایبه‌ته‌، به‌یانییه‌ک هه‌ڵده‌ستین ده‌بینین به‌ بڕیارێکی نایاسایی بودجه‌که‌یان بڕاوه‌، له‌کاتێکدا ئه‌وان هێشتا به‌رده‌وامن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان و هه‌فتانه‌ گورز له‌ داعش ده‌وه‌شێنن، به‌وشێوه‌یه‌ فشار له‌ یه‌کێتی ده‌که‌ن".

باسی لەوەش کردووە، "دۆسیه‌ی ئه‌ژی ئه‌مین پیشانی دا که‌ یه‌کێتی چه‌ند دان به‌خۆیدا ده‌گرێت و راناکێشرێته‌ ناو ئه‌م کاره‌ گه‌مژانه‌یه‌وه‌".