بەشار ئەسەد داخوازیی ئەردۆغان بۆ دیدار و کۆبوونەوە ڕەت دەکاتەوە
بەشی سووریا- سەرۆکی سووریا هەوڵەکانی رووسیا لە نێوەندگیری کردن بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رەت دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێ کەسایەتیی سیاسی، کە دووانیان تورکیایی بوون، رۆژی هەینی، 2-12-2022، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە بەشار ئەسەد لەم کاتەدا ئامادە نییە چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێت.

ئەسەد دەڵێت، ئەوە تورکیایە کە لە رێگەی پاڵپشتی کردنی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی بۆسەر ناوچەکانی باکووری سووریا، "پاڵپشتیی لە تیرۆر دەکات".

دوو لەو کەسایەتییانە گوتوویانە کە ئەسەد پێیوایە کۆبوونەوەیەکی لەوشێوەیە دەکرێت پێگەی ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی تورکیا بەهێزبکات، "بەتایبەتی ئەگەر بتوانێت ئامانجی ئەنقەرە لە گەڕاندنەوەی 3.6 ملیۆن پەناخوازی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان بپێکێت".

کەسی سێیەم دەڵێت، ئەسەد پێیوایە کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە "بێسوودە، ئەگەر بێتو هیچ شتێکی کۆنکرێتی بەدوای خۆیدا نەهێنێت" و باس لەوە دەکات کە ئەوەی تاوەکوو ئێستا لایەنی سووریایی داوای کردووە، "کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی تورکیایە".