سوێد پەنابەرێکی کورد ڕادەستی تورکیا دەکات

بەشی تورکیا- دادگەیەکەی تورکیا سزای زیندانی کردنی بۆ ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەرکرد کە رۆژێک لەوەوپێش لە لایەن سوێدەوە رادەستی ئەنقەرە کرابوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود تات، کە لەلایەن سوێدەوە رادەست کراوە، سزای زیاتر لە شەش ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا لەسەر ئەوەی کە ئەندامی پەکەکەیە. ساڵی 2015 پەنای بردە بەر سوێد، بەڵام ستۆکهۆڵم پەناخوازییەکەی رەتکردەوە.

تات شەوی هەینی گەیشتەوە فڕۆکەخانەی ئیستانبووڵ، دوای ئەوەی کە سوێد دەستگیر و دیپۆرتی کردەوە.

لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەکە، پۆلیسی تورکیا دەستگیری کرد و رۆژی شەممە رادەستی دادگەی کرد، کە بە گوێرەی میدیای تورکیا، سزای بەندکردنی بۆ دەرکراوە.

پارێزەری پێشووی تات کە لە سوێدە، رەخنەی لە بڕیاری رادەستکردنەوەی گرت. عەبدوڵڵا دەڤەچی بە میدیای سوێدیی گوت: "ئەمە زۆر خراپە. دادپەروەرانە نەبوو بۆ ئەو، ئەمە پرسێکە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیی بە دیموکراسیی سوێد و مافەکانی مرۆڤەوە هەیە".

تورکیا هەر یەکە لە فینلاند و سوێد تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەو گرووپە کوردیانەی کە بە "تیرۆریست" دایاندەنێت و تائێستا واژۆی لەسەر بە ئەندامبوونیان نەکردووە، وێڕای ئەوەی کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە مەدرید گەیشتنە لێکتێگەیشتن.

News Code 7369

Your Comment

You are replying to: .
captcha