بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم كۆبانێ له گفتوگۆ لەگەڵ رۆژنامهی واشنتن پۆست دەڵێت: "لە ساڵی 2014دا جیهان زانیاریی لەسەر زێدی من کۆبانێ و گەلەکەم (کوردی سووریا) زانی، کاتێک بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان یەکەم شکستی گەورەمان بهسهر دەوڵەتی ئیسلامی هێنا، ئەو هاوپەیمانێتیهی لەوێ دروستمان کرد، بووە هۆی کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019، ئەمڕۆ، کۆبانێ دیسانەوە لە ژێر هەڕەشەدایە و هەموو دەستکەوتەکانی ئەو هاوبەشییانە لە مەترسیدان".
کۆبانی ئاماژهی بهوهش كردووه، ئەمجارەیان هەڕەشەکە لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە، بەڵکوو لە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆوە دێت، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە حکوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆمب بەسەر شارەکانماندا دەبارێنێت و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و ژێرخانی مەدەنی گرینگی لەناودەبات و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەکاتە ئامانج کە کاردەکەن بۆ ئەوەی داعش بمێنێتەوە.
مەزڵوم كۆبانێ دەشڵێت، "شکستی سەربازیی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز تاکە ئامانجی ئێمە نەبووە، هەنگاومان ناوە بۆ چهسپاندن و بنیاتنانی سیستەمێک لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی، بۆ نموونە لە ڕەققە کە ڕۆژێک ئەبوبەکر بەغدادی بەسەر خاکی داعشدا حوکمڕانی دەکرد، ئێستا ژنانی سووریا سەرکردەی دیارن".
فهرماندهی گشتیی ههسهده باسی لهوهش كردووه، "لە ساڵی 2015 هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دامەزراند، کە هاوپەیمانێتییەکه لە کورد و عەرەب و ئاشوورییەکان و پابەندن بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، لە هەر شارێکدا کە ئازادمان کرد، گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروست دەکرد کە بۆ یەکەمجار لە سووریا نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکرد و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان دەبەخشی".
لهبارهی هێرشه مووشهكییهكانی توركیا، مهزڵوم كۆبانێ دهڵێت، "بههۆی هێرشێكهوه لهسهر سنووری شاری دێریک کە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکانە، زیاتر لە 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوه، یەکێکی دیكه له هێرشهكان بنکەی نزیک شاری حەسەکەی کردە ئامانج، کە بنكهیهكی هاوبهشی دژه تیرۆر و ئهمریكییهكانه، لهوێ کاردەکەین بۆ پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، تەنها سەدان مەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە دووربوو، من پێموایە هەوڵێک بۆ بهئامانجگرتنی من، تورکیا ئەمساڵ چەند هاوکارێکی منی لە هێزەکانی ههسهده و ئیدارەی ئێمەی تیرۆر کردوە".
ناوبراو روونیشی كردوهتهوه، "بە زیادکردنی تیرۆر و ئاژاوەی هەڵمەتی بۆردوومانەکە، ئەردۆغان بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان، ئێمە دەزانین لێکەوتەی هێرشێکی لەو شێوەیە چی دەبێت، چوونکە تورکیا پێشتر دووجار ئەم کارەی کردووە".
بههۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی 2018 و سهرێ كانی و گرێ سپی لە ساڵی 2019 سەدان هەزار کەسی ئاوارە بوون و شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی پەکخست.
فهرماندهی گشتی ههسهده دهشڵێت: "لەو شوێنانەی کە ئیدارەی ئێمە سەردەمانێک پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پاراستوە، هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، پێشێلکاریی بەرامبەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان ئەنجام دەدەن، لە سەردەمی ئیدارەی ئێمەدا عەفرین تاکە بەشی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بو کە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەستی لێنەدابو، بەو پێیەی ناوچەکە کەوتوهتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا، گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بە ئازادی لەسەر خاکەکەی چالاکی دەکەن، هاوینی ئەمساڵ، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا، ماهر ئەلئەگال، سەرکردەیەکی باڵای داعش لەوێ کوژرا".
لهبارهی بیانوی توركیا بۆ هێرشكردنه سهر کوردستانی تورکیا و سووریا، كه دهڵێت، "كوردانی سووریا تهقینهوهكهی ئیسانبوڵیان ئهنجام داوه"، مهزڵوم كۆبانێ نووسیویهتی، "ئێمە ئەو کردەوە تیرۆریستییە سهركۆنه دەکەین، هەموو تۆمەتەکانی تێوەگلان ڕەت دەکەینەوە و دیسانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانییەکان دەکەین، ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ لێکۆڵینەوە دووپات دەکەینەوە و ئامادەین هاوکاری بکەین ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک بكرێت".
کۆبانی ههروهها دهڵێت: "پێمان وایە ڕەگ و ڕیشەی ئەو ململانێیانەی کە ئەوەندە ئازار و مەینەتی بۆ ناوچەکەمان هێناوە، سیاسین، ڕق و کینەیەکی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە، سەرکردەکانی تورکیا ئەو هەڵبژاردنە سیاسییەیان کردووە کە کورد وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ببینن و لە مافە بنەڕەتییە دیموکراسییەکانمان بێبەش بکەن، لە ماوەی ڕابردوودا ئەردۆغان دانوستانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی چەکداری نێوان ئەو گرووپە و دەوڵەتی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە".
ئهوهشی خستوهتهڕوو، "کاتێک ئەو گفتوگۆیانە دەکران، ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین، ئەگەر ئەوان دووبارە دەستپێبکەنەوە، ئێمە دەتوانین جارێکی دیكه گفتوگۆ دهستپێبكهینهوه".
پهیوهست به رۆڵی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی، مهزڵوم كۆبانێ روونی كردوهتهوه، "ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکی تورکیا بوەستابا و بۆ ئاشتی قسەی بکردایە، ڕەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بونایە، هەرچەندە کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، بەڵام دەتوانین لە کارەساتەکانی ڕابردو فێربین".
فهرماندهی ههسهده لهبارهی دهستپێكردنی دانوستانهوه وتوویهتی، "ئامادەین ڕۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕین لە دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانە و گەیشتن بەو ئاشتییەی کە بەدوایدا دەگەڕێین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ رێگرتن لە لەشکرکێشی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ ململانێی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی یەکسان، بونی گەلەکەمان و ئاسایشی ناوچەکە پەیوەستە بەوەوە".
Your Comment