ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان بودجه‌ی دژه‌تیرۆری یه‌کێتی نیشتمانیی بڕی
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێکی پارتی ئاشکرای ده‌کات، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بودجه‌ی دژه‌تیرۆری یه‌کێتی بڕاوه‌، به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆی وه‌ک "ده‌زگایه‌کی داپلۆسێنه‌ر له‌ سلێمانی مامه‌ڵه‌ ده‌کات".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شوان که‌ریم زراری، په‌رله‌مانتاری پارتی، به‌ میدیای سه‌رۆکی حکوومه‌تی راگه‌یاندووه‌، دژه‌ تیرۆری سلێمانی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌ما یاساییه‌کان و دوور له‌ رێکاره‌ په‌یڕه‌وکراوه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌ سنووری سلێمانیدا مامه‌ڵه ‌ده‌کات، به‌جۆرێک چه‌ندین کاری نایاسایی و ده‌ستوه‌ردانانیان له‌ کاروباری بازرگانان، وه‌به‌رهێنان، شاره‌وانی و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان کردووه‌.

شوان که‌ریم زراری، وتوویه‌تی: "خه‌ڵکی سنووری سلێمانی به‌هۆی ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌ ترسێکی زۆریان له‌سه‌ر ژیانی خۆیان هه‌یه‌ و کاتێک ئۆتۆمبێله‌کانی دژه‌ تیرۆری سلێمانی ده‌بنین، واده‌زانن ده‌زگای ئه‌منی سه‌رده‌ی رژێمی پێشوون و خۆیان لێ به‌دوور ده‌گرن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌، به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌، زۆربه‌ی هاوڵاتییانی سلێمانی هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناکه‌ن و ناتوانن له‌ ناوچه‌کانی خۆیان وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامبده‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی ئازادانه‌ کاری بازرگانی بکه‌ن، بۆیه‌ ناچارن روو له‌ناوچه‌کانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن.

برينى بودجه‌ی دژه‌تیرۆری یه‌کێتی په‌یوه‌ندی به‌ ڕووداوی کوژرانی عه‌قید هاوکار جافه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022ی له‌ گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا هاوکار جاف ئه‌فسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یدا له‌ ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی چێنراو کوژرا و چوار سەرنشینی دیکەش کە پێکهاتبوون لە هاوسەری و دوو منداڵەکەی و خوشکێکی بریندار بوون.

هاوکار جاف، عەقیدێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو، بەڵام دوای تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی پێشتری یەکێتی، ئەم پلەدارە لە شاری هەولێر بەیەکجاری گیرسایەوە، بەو پێیەی ئەوکات لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیک بوو، تا لە ڕۆژی 7ی مانگی دەی ئەمساڵ کرایە ئامانج.

دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، دانپێدانان و گرتەی ڤیدیۆیی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بڵاوکردەوە، گوایە ئەوان لە پشت ڕووداوی "تیرۆر"کردنی عەقید هاوکار جافەوەن، بەڵام دواتر دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرگری لە ئەفسەرەکانی کرد و گرتە ڤیدۆییە بڵاوکراوەکانی بە سیناریۆ ناوبرد.

دوای تۆمەتبارکردنی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بە تێوەگلان لە کوژرانی عەقید ( هاوکار جاف) دا، ئەم دەزگایە لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕەتیکردووەتەوە ئەفسەرەکانی تێوەگلابن لە تاوانەکەدا، ڕایگەیاندووە"تاوانەکە بە پیلانی دەزگای پاراستنی پارتی و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە، کە ماوەیەکە لە ژێر چەتری بەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر کاردەکەن."

لە وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کە لە هەولێر ئیش و کارەکانی ڕادەپەڕێنێت، ڕایگەیاند"دژە تیرۆری سلێمانی وەڵامێکی شڵەژاوانە و بێسەروبەریان بڵاوکردووەتەوە، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لاوازییان لەبەرگری کردنیان لەو تاوانبارانەی بە بەڵگەوە تێوەگلاون لە کردەوەکە."