کێشەکانی بەردەم وەزیری پێشمەرگە و هۆکارەکانی لابردنی ناوبراو لەلایەن یەکێتییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاریداوە کە وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل لەسەر کارەکەی لابەرێت بەهۆی ئەوەی کە فەرماندە سەربازیەکانی ئەو حیزبە لە ئاڕاستەی کارکردنی ناڕازین و پێشتر لەلایەن باڵی دکتۆ بەرهەم ساڵحەوە پاڵێوراوە بۆ ئەم پۆستە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووه‌، "خۆی کاک شۆڕش ئیسماعیل کاتی خۆی لە جەماعەتەکەی دکتۆر بەرهەم و ئەوان بوو، ئەوانیش کردییان بە وەزیر. جگە لەوە، فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکێتی لە حزب سکاڵایان تۆمار کردووە و لێی ناڕازین کە ئەمر و فرمانەکانی تەنها بەسەر ئەواندا جێ بەجێ دەکات وەک یەکێتییەکان نەک فەرماندە و هێزەکانی پارتی."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری وەزیری پێشمەرگە، کە پارتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو ڕایگەیاند: یەکێتی "ماوەیەکی درێژە" داوای لە شۆڕش ئیسماعیل کردووە بۆ ئەوەی دەست لە پۆستەکە هەڵگرێت و گوشاری لە وەزیر کردووە دەوام نەکات و ئێستا چووەتە دەرەوەی وڵات.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پشکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "نەک کاک شۆڕش هەر کەسی تر لەو پۆستەدا بێت وەک وەزیری پێشمەرگە دەسەڵاتی بەسەر هەردوو هێزەکە(پارتی و یەکێتی)دا نابێت. تەنها دەسەڵاتی بەسەر هێزی حزبەکەی خۆیدا دەبێت."

سێدەری، وتی: "ئەوەندەی ئاگادار بین نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگە ڕەنگە پەیوەندی بە بابەتێکی نێوخۆیی یەکێتیەوە هەبێت وە یەکێتیش وەک بەرنامەی خۆی دەیەوێت هەرچەند ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکاندا بکات، بۆیە گۆڕینی وەزیری پێشمەرگەش(کاک شۆڕش) هەر لەچوارچێوەی ئەو پلانەدا بێت ئەگەرنا هیچی تر نیە. کاک شۆڕش پیاوێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی ناوخەڵک بوو".

هەروەها ڕایگەیاندووە "وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕووکەش یەک وەزارەتە، بەڵام واقیعێک هەیە لە کوردستاندا کە دوو هێز هەیە، هێزێکی یەکێتی و هێزێکی پارتی، بۆیە هەرکەس لەو پۆستەدا بێت دەسەڵاتی بەسەر تەواوی وەزارەتدا ناشکێت. بەداخەوە ئێمە تا ئێستاش ئەو قسانە دەکەین، بەڵام ئەمە ڕاستییە. ئەگەر ئامر فەوجێک یەکێتی بێت جێگرەکەی پارتییە، وە بە پێچەوانەشەوە. بێگومان نەک وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی ناوخۆش تاڕادەیەک ئەو دوو هێزیەی پێوە دیارە. لەبەر ئەوە وەزیری پێشمەرگەش بە تێڕوانینی ئێمە توانیبووی بەتەنها ڕێنمایی و ئەرکەکانی خۆی بەسەر ئەوانەدا جێ بەجێ بکات کە یەکێتین".

جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێم بێ ئومێد بوونی خۆی لە گۆڕانکاری لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و گوتی، "نەک کاک شۆڕش هەر کەس بێتە ئەو پۆستە هەروا دەبێت. ئێستا کە جێگری وەزیری پێشمەرگە گۆڕانکاری و فرمانەکان بەسەر هێزەکانی پارتیدا دەکات چونکە جێگرەکە پارتییە. وە وەزیریش لە پشکی یەکێتی تەنها دەتوانێت فرمانەکانی بەسەر یەکێتییەکاندا جێ بەجێ بکات ناتوانێت بەسەر پارتیدا جێ بەجێی بکات. هەرکەسی تریش دابنێن وەک وەزیری پێشمەرگە هەربەوجۆرە دەمێنێتەوە".

News Code 7374

Your Comment

You are replying to: .
captcha