ئەمریکا لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان  پارتی ‌و یەکێتی هاتە دەنگ
بەشی جیهان- لەسەر ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی نێوانیان، ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد واشنتۆن بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی پارتی ‌و یەکێتی هەست بەنیگەرانیی دەکات.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەی بۆ ڕۆیتەرز کردووە وتوویەتی، "ئێمە وەک ئەمریکا یەکگرتوویی پارتی ‌و یەکێتیمان تەنها لەپێناو یەکگرتوویدا ناوێت، بەڵکوو ئێمە دەمانەوێت ئەوان پێکەوە کاربکەن، بەتایبەت لەهەندێک دۆسیەی نهێنیدا".

بەرپرسە ئەمریکییەکە وتووشیەتی: "ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمە و بەرژەوەندیی یەکێتی و پارتیشدایە که‌ پێکەوە کاربکەن".

شایانی باسە ماوەی چەند مانگێکە و بەتایبەت لە دوای کوژرانی عه‌قید ھاوکار جاف، گرژیەکانی نێوان پارتی ‌و یەکێتی زیادی کردووە.