مەسروور بارزانی دەستخۆشی و ڕێز و پێزانین ئاراستەی وەزیرێكی پشكی یەكێتی دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا كە بە بۆنەی ناساندن و دەستبەکاربوونی سیستەمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکان بڵاوی كردەوە، پیرۆزبایی لە وەزیرێكی پشكی یەكێتی كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی لە پەیامەكەیدا رای گەیاند: "پێشوازی لە کردنەوە و دەستبەکاربوونی یەکەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتییەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات و برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات."

هاوكات خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕیوە كە وەزارەتی پلاندانان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی ڕێنماییەکانی تەندەرە گشتییەکان و هەروەها ڕاھێنانی بە بەڵێندەران کردووە بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی پۆرتاڵی نوێ و لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەم سیستەمە لە گشت وەزارەتەکانی حکوومەتدا جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە وەزیرێكی پشكی یەكێتی كردووە و رای گەیاندووە: "دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینم بۆ ماندووبوونی وەزیری پلاندانان بەڕێز دارا ڕەشید و تیمەکەی هەیە بۆ سەرخستن و بەردەوام بوون لە پڕۆژەکە، سەرەڕای ماوەیەک وەستان بەھۆی پەتای کۆڤیدەوە".

News Code 7382

Your Comment

You are replying to: .
captcha