بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان داوای زیاد کردنی لیوایەکی دیکەی پاسەوانیی سنوورمان کردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەیه‌كى باڵاى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داوایان لە عێراق کردووه‌ لیوایەکی تری پاسەوانیی سنوور بۆ تۆکمە کردنی سنوورەکان پێکبهێنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەفتەی ڕابردوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی ‌و ئەمنییەکانی زۆنی سەوز سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی‌ و ئەمنی عێراقدا کۆ بوونەوە.

لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پشتیوانیی دووی پێشمەرگە لەبارەی هۆکاری سەردانەکەیان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی عێراق، دەڵێت: "سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی ‌و یەکترناسین بوو، لەگەڵ ئەو فەرماندانەی لە حکوومەتی نوێی عێراقدا پۆستیان وەرگرتووە، بەڵام هەندێک پەیامیشمان پێگەیاندن".

ئه‌و فه‌رمانده‌ باڵا سه‌ربازیه‌ى یه‌كێتى زیاتر وتى: "داوای زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و دابین کردنی پێداویستییەکانمان کرد، تا بتوانن بەباشی سنوورەکان بپارێزن، بەتایبەت داوامان کرد، لیوایەكى تر بۆ پاسەوانی سنوورەکان پێکبهێنرێت، هەروەها داوای پەلەکردنمان لە دروست کردنی هێزی هاوبەش کرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا، داوای دابین کردنی پێداویستییەکانی دژەتیرۆر و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کرد لەدژی داعش".

به‌وته‌ى لیوا مه‌ریوان: "هەریەک لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری عێراق، ڕەزامەندییان نیشان داوە لەسەر دروست کردنی دوو لیوای هاوبەش، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا لەناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێستاش ماوەتەوە سەر ئەوەی بوودجەیان بۆ دابین بکرێت ‌و بوودجەکەیان لە موازنەدا بۆ دیاری بکرێت".

سه‌باره‌ت به‌ ‌ڕۆڵی دوو لیوا هاوبەشەکە و چۆنێتی دابەش کردنییان بەسەر سنوورەکاندا، لیوا مەریوان وتی: "ئەو دوو لیوایە، فەوج فەوج دابەش دەکرێن بەسەر هەموو میحوەرەکاندا، لە خانەقینەوە تا نزیک مووسڵ".

ئه‌وه‌شى وت: "ئیشوکاری دوو لیوا هاوبەشەکە و چۆنێتی هەماهەنگی کردنی نێوان پێشمەرگە و سوپا ڕوون نییە، بەڵام لیوایەکیان بۆ میحوەری یەک تا میحوەری چوار، لیواکەی تریشیان، بۆ میحوەرەکانی تر، مووچە و هەموو پێداویستییەکانیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دابین دەکرێت".