تا ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە 14٪ جێگیر کراوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باس لە کارەکانی لێژنەی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکات و دەڵێت: ''قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و لە کارەکانیان بەردەوامن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا گفتوگۆکانی لێژنەی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوامە و قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و توانیویانە بگەنە ئەوەی کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە 14٪ جێگیر بکەن، بەڵام هەوڵی زیاترکردنی دەدەن.''

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ''پێشبینی دەکەم دوای پشووی تەشریعی، بوودجە بێتە پەرلەمان، واتە هێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە.''

ڕوونیشی کردەوە: ڕێککەوتنەکە وایە کە دیاریکردنی پشکی بودجەی هەر ناوچەیەک لەسەر ڕێژەی چڕیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش دەکات و لەسەر ئەو ڕاپۆرتە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر دەکرێت، ئێستاش دانوستان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە.