چیرۆکی ململانێی  یەکێتیی نیشتمانی  و پارتی دیموکرات لەسەر دەسەڵات

بەشی جیهان- هاوسەرگیریی بەرژەوەندیی نێوان خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراق واتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی نووسیویەتی، لەکاتێکدا کە خێڵی بارزانی و تاڵەبانی ماوەیەکی زۆرە دەستیان بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکانی کوردستانی عێراقدا گرتووە، کابینەکانی حکوومەتی هەرێم کە لەسەر بنەمای دابەش کردنی دەسەڵات بوون، تاڕادەیەکی زۆر وەک پەردەیەک نەبوونی متمانەی نێوان هەردوولایان لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان ئەو دوو حزبە، شاردۆتەوە.

ڕۆیتەرز لەزاری چەند دیپلۆماتکارێکەوە بڵاوی کردۆتەوە کە گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەگەڵ کوژرانی عەقید هاوکار جاف لە هەولێر، بەتەواوەتی ئاشکرا بوون کە لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لە رێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە گەڕەکێکی هەولێر کوژرا و دەزگا ئەمنییەکانی پارتی، دژە تیرۆری یەکێتی تاوانبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیەو یەکێتیش ئەوە رەتدەکاتەوە.

ڕۆیتەرز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە چەند ڕووداوێکی دیکە داوە کە بەدوای کوژرانی هاوکار جافدا هاتوون و گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیان زیاتر کردوون.

هێمای بۆ ئەوەش کردوە کە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تا ئەو رادەیە ئاڵۆز بوون کە وەزیرەکانی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمیان کردووە کە ئەو حکوومەتە تاوەکوو ئێستا رەمزی دابەش کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بوو.

چەند بەرپرسێکی یەکێتی بەبێ ئەوەی ڕازی بن ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزیان وتووە، ئەگەر سازش لەسەر کۆمەڵێک بابەت نەکرێت، ئەوا حزبەکەیان لە کۆتاییدا جیا دەبێتەوە و لە ناوچەی سلێمانی ئیدارەی تایبەت بە خۆی پێکدەهێنێت.

هەروەها ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو گرژیانەی نێوان یەکێتی و پارتی هاوکات بوونەتە مایەی ئاڵۆز کردنی پەرەپێدانی یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی غاز کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بۆ ئەمریکا کە پشتیوانی هەردووکیانی کردووە لە شەڕی دژبە داعشدا.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش کردووە کە واشنتۆن هەست بە نیگەرانی دەکات لە بڵاوبوونەوەی هەژمونیی ئێران لە ناوچەکە، کە ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی درێژخانەیەنی لەگەڵ یەکێتی هەیە و لەم هەفتانەی دواییدا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە خاکی هەرێم چڕ کردوونەتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، واشنتۆن زۆر نیگەرانە لە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی و وتوویەتی: "ئەوەی دەمانەوێت بۆ هاوبەشەکانمان ڕوونی بکەینەوە لێرە ئەوەیە کە ئێمە یەکگرتووییمان لەپێناو یەکگرتوویی ناوێت، بەڵکوو پێویستمان بەوەیە بتوانن هاوکاریی یەکتر بن لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا کە جێی بایەخی ئێمەن و لە بەرژەوەندی ئەوانیشدان."

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە کە نەبوونی متمانەی نێوان یەکێتی و پارتی لەمساڵدا قووڵتر بوەوە، ئەوەش بەهۆی شەپۆلی جیابوونەوەی کۆمەڵێک کەس لە دەزگا ئەمنییەکانی سەربە یەکێتی.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە ئاژانسەکەی وتووە، حزبەکەیان پێی وایە، ئەژی ئەمین، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاری، خەڵک هان دەدات بۆ گۆڕینی هەڵوێستیان.

بەپێی راپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، ئەژی ئەمین، بابەتێکی دیکەی جێی ناکۆکی یەکێتی و پارتییە. بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی وتوویەتی، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، رۆڵێکی باڵای ئەمنی داوە بە ئەژی ئەمین دوای ئەوەی ناوبراو چۆتە هەولێر کە ئەوەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تووڕەتر کردووە.

چوار ئەندامی یەکێتی و بەرپرسێکی حکوومەت وتوویانە، هێزەکانی یەکێتی رۆژی 24ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، لە سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەژی ئەمین. سێ لەو سەرچاوانە وتوویانە، یەکێتی بەدوای چەند بەڵگەنامەیەکی هەستیار و کۆمەڵێک چەکدا گەڕاوە کە ئەژی ئەمین لەگەڵ خۆی لە دەزگای زانیاری بردوونی.

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی یەکێتی، لەبەرامبەر ئەوەدا نزیکەی 100 چەکداری سەر بە ئەژی ئەمین، رۆژی دواتر لە هەولێر چوونەتە دەوروبەری ماڵی قوباد تاڵەبانی و هەڕەشەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان کردووە.

بەپێی قسەی سێ سەرچاوە، دواتر سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەستوەردانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. بەپێی قسەی بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی، خەریک بووە دۆخەکە لەدەست دەربچێت.

هەروەک راپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئاماژەی بە سەردانەکەی رۆژی 9ی تشرینی دوەمی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بۆ هەولێر کردووە کە وەهاب هەڵەبجەیی و چەند کەسێکی دیکەی ئەمنی لەگەڵ خۆی بردووە کە لە هەولێر داواکراوبوون لەسەر کەیسی کوژرانی هاوکار جاف.

ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە وتوویەتی، بافڵ تاڵەبانی و گرووپەکەی نەیانتوانیوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر بچنە دەرەوە، تا جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم دەستوەردانی کردووە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دەسەڵاتی کوردەکان لە بەغدا لاواز دەکات و هێمای بۆ ململانێکانی یەکێتی و پارتیش کردوە کە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیانبوو.

مایک فلیت، شیکەرەوەی کاروباری عێراق، وتوویەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان، چیتر هەست ناکات، پێویستی بە پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی پێشوەوە هەبێت بۆ دابەش کردنی دەسەڵات لەگەڵ یەکێتی.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بە رەخنەکانی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێم کردووە، کە دەڵێت، حکوومەت داهاتەکان بە یەکسانی دابەش ناکات بەسەر ناوچەکاندا.

بەرپرسێکی یەکێتی وتوویەتی: "بۆچی دەبێت ئەمە قبووڵ بکەین؛ کۆمەڵێک داواکاریمان هەن، هێشتا هیوامان بەوەیە کە نەگەینە ئەوەی جیا بینەوە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە، ئەگەر پارتی سازش بۆ داواکانمان نەکەن".

News Code 7389

Your Comment

You are replying to: .
captcha