دادگای فیدراڵیی عێراق، مه‌سروور بارزانى‌ و ئاوات شێخ جه‌ناب پابەندی یاسای خانەنشینی دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق په‌یامێکى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆکى حکوومه‌ت‌ی هەرێم و وه‌زیرى دارایی هه‌رێم ده‌کات ‌و جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ پێویستە پابەندی یاسای خانەنشینیی بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگاى فیدراڵى عێراق ده‌قى بڕیاره‌کانى تایبه‌ت به ‌نایاساییبونى پێدانى ماف ‌و ئیمتیازاته‌کانى خانه‌نشینان‌ و پابه‌ند کردنى سه‌رۆکى حکوومه‌ت‌ و وه‌زیرى دارایی به ‌یاساى خانه‌نشینى یه‌کگرتوو بڵاو کرده‌وه‌.

له‌و بڕیاره‌دا هاتووه‌:

1- نادەستور بوونی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی ھەڵوەشاوە لە ھەرێمی کوردستان.

2- پابەند کردنی داوا لەسەرکراوان  (مەسروور بارزانی‌ و ئاوات شێخ جەناب) بە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووى عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی ھەموارکراو لەھەرێمی کوردستان.

3- له‌سه‌ر داواکراو پێویسته‌ کۆى تێچوى ئه‌م دادگاییه‌ دابین بکات.

له‌ کۆتایی بڕیاره‌که‌ى دادگاى فیدراڵیدا ئه‌وه‌ ڕوون کراوه‌ته‌وه‌، "ئه‌م بڕیاره‌ به‌گوێره‌ى ماده‌کانى ده‌ستورى عێراق ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت ‌و بڕیارى کۆتاییشه‌".

به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ى دادگای باڵاى فیدراڵی عێراق، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم‌ و وەزیری دارایی هەرێمی پابه‌ند کردووه‌ یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق جێبه‌جێ بکه‌ن، لەئەگەری جێبەجێ کردنی ئه‌و بڕیاره‌شدا، مووچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

له‌یاساى خانه‌نشینى یه‌کگرتووى عێراقدا، هیچ خانه‌نشینێک نابێت خانه‌نشینیه‌که‌ى له‌400 هه‌زار دینار که‌متربێت، به‌ڵام ئێستا به‌شێکى زۆرى خانه‌نشینیانى هه‌رێم ئه‌و بڕه‌پایه‌ى وه‌ک خانه‌نشینى پێیانده‌درێت که‌متره‌ له‌ 220 هه‌زار دینار.