«سیا»ی ئەمریکا لەسەر هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردەکانی سووریا هۆشداری بە «میت»ی تورکیا داوە

بەشی جیهان- سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداری داوەتە سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ سەر کوردەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی ئەمریکی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە کە ویلیام بێرنز سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا، یان «سی ئای ئەی» لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا، یان «میت»، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و هەوڵی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا هۆشداری بە ناوبراو داوە.

ئەم گۆڤارە ئیدیعای ئەوەش دەکات کە بێرنز لەبارەی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دژی کوردەکانی سووریا هۆشداری داوە بە فیدان چوونکە بە گوتەی ناوبراو کارێکی لەو شێوەیە ژیانی کارمەندانی ئەمریکی کە لەو ناوچانە جێگیرکراون دەخاتە مەترسییەوە.

دوو سەرچاوەی ئەمریکی کە ئاگاداری ئەم بابەتەن به ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا بە توندی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی خۆی قسەی کردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هێرشە ئاسمانییەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری تورکیا بۆ سەر بارەگای هێزە کوردییەکانی سووریا لە نزیک شوێنی هێزە ئەمریکییەکان هۆکار بووە بۆ ئەوەی بێرنز پەیوەندی بە هاکان فیدان بکات و هۆشداریی پێبدات.

شایانی باسە کۆشکی سپی و سی ئای ئەی ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە هیچ لێدوانێک بدەن.

News Code 7394

Your Comment

You are replying to: .
captcha