مەسروور بارزانی و سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) شێخ محەمەد بن زاید ئالنەهیان ئەنجام دا.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بە تایبەتی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان کرا.

هەر بەپێی ڕاگەیێندراوەکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سوپاسی سەرۆکی ئیماراتی کرد بۆ "پشتیوانیی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەهێزی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەنار بۆ ئیمارات و لەوێوەشەوە بۆ وڵاتانی کەنداو".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت بەهاوکاریی ولاتانی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگ لە دابین کردنی ئاسایشی خۆراکدا بگێڕێ، ئاماژەی بەوەش دا کە هەناردەکردی هەنار، دەستپێکی هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی دیکەی هەرێمی کوردستانە، لەوانە ، سێو و ترێ و هەنگوین، هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا".