
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازی کردنی لە سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، سەردانەکەی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی پاڵپشتی ئەو وڵاتەیە بۆ خەڵکی کوردستان، هاوکات سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییە سەربازیی و مرۆییانەش دەکەن کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بوداپێست پێشکەشی هەولێری کردوون.
پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لە کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق، لەلایەن لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆمارەوە پێشوازیی لێکرا، لەو سەردانەشدا جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەنگاریا سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەیی و ئەو پڕۆژانەش دەکات بەرنامەی هاریکاری هەنگاری لە عێراق جێبەجێیان دەکات.
لای خۆیەوە نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆیەکەمجار لە مێژودا کاتالین نۆڤاک وەک سەرۆکێکی هەنگاریا سەردانی عێراقی کردوە و رۆژانی هەینی و شەممە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا ناوبراو سەردانی هێزەکانی هەنگاریا دەکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.