نوێترین زانیاری لەبارەی گیان سپاردنی سه‌هه‌ند ئه‌حمه‌د
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌هه‌ند ئه‌حمه‌دی تەمەن 17 ساڵان شەوی 12/13ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار گیانی له‌ده‌ستدا و دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژیش بەسەر ئەو رووداوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی داخرا، بنەماڵەکەشی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن کوڕەکەمان کوژراوە.

کوردپرێس:
نوێنه‌ری خێزانی سه‌هه‌ند ئه‌حمه‌د ئەمڕۆ بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند، "له‌یه‌كه‌م رۆژی ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر سه‌هه‌ند كراوه‌، زۆر سەبر و ئاراممان گرتووە و له‌ پێناو تێكنه‌چوونی رێڕه‌وه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ و ره‌وتی یاسایی ئارامی و دانبه‌خۆداگرتنمان هه‌ڵبژاردووە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تانه‌ و پرسیاری جددی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئه‌م كه‌یسه‌ به‌و خێراییه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ داخرا؟، كه‌ هێشتا ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ره‌تادا بوون، زۆر به‌ڵگه‌ی دیكه‌ هه‌بوون، كه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیراون و داوا ده‌كه‌ین داواكاری گشتی بێته‌ سه‌رهێڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بڕیاری ئه‌و دادوه‌ره‌ بكات".


باسی له‌وه‌ش كردوه‌، "له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ری ئه‌م كه‌یسه‌وه‌، داوای پێداچوونه‌وه‌  و ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌و دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر له‌ دادگای مه‌ده‌نی بڕیاری سزادان به‌سه‌ر تاوانباراندا نه‌سه‌پێندرێت ئه‌وا كه‌یسه‌كه‌مان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ دادگایه‌كی سه‌ربازی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی رێڕه‌وی یاسایی جارێكی دیكه‌ بگیرێته‌وه‌به‌ر، به‌سوپاسه‌وه‌ش تا ئێستا لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌چاودێری وه‌زیری ناوخۆ، له‌كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستگیركراون دانیان به‌و تاوانه‌دا ناوه‌ و ته‌واوی دانپێدانان، گرته‌ی ڤیدیۆ، وته‌ی شاهێدحاڵان و به‌ڵگه‌ی پێویست له‌لای لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بوونیان هه‌یه‌ و پاشان ده‌درێته‌ دادگای پێویست و بۆ رایگشتی راده‌گه‌یه‌نین".


بنەماڵەی سەهەند دەڵێن، "بۆ رایگشتی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ له‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێك و پۆلیسێك تێناپه‌ڕن و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ داوای دادگایی ئه‌و كه‌سانه‌مان كردوه‌ په‌نجه‌ی تاوتاوانباركردنمان بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێكی دیكه‌ درێژ نه‌كروه‌، به‌ڵام رێگرییه‌كان و ونكردنی به‌ڵگه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانه‌كان هێنده‌ زۆر بوون كه‌ ده‌یانویست كه‌یسه‌كه‌ به‌لاڕێدا به‌رن، به‌ڵام به‌ڵگه‌كان هێنده‌ به‌هێزن، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانن حاشای لێبكات، بۆیە به‌و هیوایه‌ین كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش له‌وانه‌ی ده‌ستگیركراون به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد نه‌كرێن تا ئه‌و كاته‌ی ته‌واوی لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆتاییان پێدێت و تاوانبارانیش به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن".


هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا پارێزه‌ری كه‌یسه‌كه‌ی سه‌هه‌ند ئه‌حمه‌د ئاماده‌بوو له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووساندا وتی، "راپۆرتی پزیشكی دادوه‌ری به‌شێوه‌یەك له‌ شێوه‌كان دوولایه‌نه‌یه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م مێردمنداڵه‌ له‌ژێر ئازارێكی زۆردا گیانی له‌ده‌ستداوه‌ زیاتر پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی شاره‌زای لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌ دژی یه‌كترن، ناكرێ راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ پشتی پێببه‌سترێت چونكه‌ له‌ یه‌كێكیاندا ده‌ڵێت، به‌لێدان و له‌ژێر فشارێكی زۆردا گیان یله‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌وی دیكه‌شیان ئه‌مه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ پێویستی به‌ كه‌سێكی شاره‌زا هه‌یه‌، چوونکه‌ دادوه‌ر له‌ هه‌موو شتێك نازانێت، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سێكی شاره‌زا بێت و له‌سه‌ر هه‌ردو راپۆرته‌كه‌ روونكردنه‌وه‌ی ته‌واو بدات، چوونكه‌ راپۆرته‌كه‌ دوولایه‌نه‌یه‌ و یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت، كوژراوە و ئه‌وی دیكه‌شیان ده‌ڵێت به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ گیانی له‌ده‌ستداوە".

وتیشی، "ماوه‌ی مانگێكمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تانه‌ و ته‌مییز له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌ر بده‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ته‌واوی به‌ڵگه‌كانمان كۆ بكه‌ینه‌وه‌، چوونكه‌ ئه‌و ته‌مییزكردنه‌ ده‌چێته‌وه‌ به‌رده‌م چه‌ند دادوه‌رێكی شاره‌زاو ده‌بێت ته‌واوی به‌ڵگه‌كان بخرێته‌ به‌رده‌ستیان، لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كاری زۆر باشیان كردوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیش كاره‌كانیان دڵخۆشكه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ڵگه‌ی ته‌واویان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ كۆكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها ته‌واوی ڤیدیۆ سڕاوه‌كانیان گێراوه‌ته‌وه‌".


له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیش كه‌ سڕاونه‌ته‌وه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌هه‌ند ئه‌حمه‌د ئاماژە بەوە دەکات، "ئه‌وه‌ی روویدا داخستنی كه‌یسێكی كوشتن بوو، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان سه‌رسوڕهێن بوو، چوونكه‌ كه‌یسێكی كوشتن و راپۆرتی پزیشكی دادوه‌ری پشتڕاستی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م مێردمنداڵه‌ له‌ ژێر فشارێكی زۆردا كوژراوه‌ به‌ڵام چۆن به‌و خێراییه‌ داخرا ئه‌وه‌ جێگه‌ی پرسیاری جددی بو، تا ئێستا هیچ ده‌ستێوه‌ردانێك نییه‌ كه‌ وامان لێبكات بڵێن ده‌ستێوه‌ردانێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌ینه‌ڕوو، ئێمه‌ بڕیاری ته‌مییزكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌رمان داوه‌ و جارێكی دیكه‌ كه‌یسه‌كه‌ نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌".


پەیوەست بەم بابەتەش موسه‌نا ئه‌مین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكدا ئەوەی خستەڕوو، "ئه‌مه‌ كه‌یسێكی سه‌روه‌ری یاسایه‌، پاراستنی دادگاكانی كوردستانه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان و كه‌یسی به‌لاڕێنه‌بردن و خواردنی مافی كه‌سانێكه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌یان ئازاردراوه‌، لێیدراوه‌ و ده‌ره‌نجام بوه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ساتدانی و داخستنی كه‌یسه‌كه‌ی به‌ ماوه‌ی 20 رۆژ، ئێمە لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری له‌م خێزان و دۆستانه‌ بكه‌ین
".