سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە هاوپەیمانی تەقەدووم کشایەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، لە هاوپەیمانێتیی "تەقەدووم" کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات کشایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی هاوپەیمانێتیی "تەقەدووم"ی کردووە، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەڵێت: "پاڵنەری پشت ئەو بڕیارەمان کە بووین بە هاوپەیمانی ئێوە، لەپێناو بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی و کاری هاوبەش بە مەبەستی خزمەتکردنی وڵاتە خۆشەویستەکەمان بوو".

لە درێژەدا نووسراوەکە کە واژووی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانیی لەسەرە تیایدا هاتووە: "بەڵام ئێمە هیچ هەنگاو و دەستپێشخەرییەکمان لەم هاوپەیمانێتییە نەبینی کە ئەم هاوبەشییە بسەلمێنێت، بۆیە پێمان خۆشە ئاگادارتان بکەینەوە کە لەم هاوپەیمانێتییە کشاوینەتەوە".