فەرماندەی پێشووی هێزەکانی کۆماندۆ بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی سپارد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ کە لە مانگی ئۆکتۆبەر لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکەیدا لە زنانە برینداربوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 12-12-2022  ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.

دوای برینداربوونی، ئاکام عومەر 10 رۆژ لە نەخۆشخانەی فارووق لە سلێمانی مایەوە، دواتر بە فڕۆکە و لە رێگەی تیمێکی پزیشکییەوە بە مەبەستی چارەسەر بۆ وڵاتی ئەڵمانیا گواسترایەوە.

هەروەها میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد".

رۆژی 19-10-2022، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵ کردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام "تۆڕێکی مین" بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە. بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە گیانی لەدەست دەدات و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار دەبن.