ئامانجی یەکێتیی نیشتمانی دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی نییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی دا بە کشانەوەی حزبەکەی لە حکوومەت و جەختی کردەوە ئامانجی یەکێتی دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود خۆشناو لە گفتوگۆ لەگەڵ میدیای فەرمیی حزبەکەی، ڕایگەیاند: ڕاگەیاندنی دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی یەکێک لە ئامانجەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نییە، چوونکە ئەم حزبە باوەڕی بە پاراستنی یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان هەیە وەک دامەزراوەیەکی دەستووری لە عێراق.

ناوبراو درێژەی دا مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە بژاردەیەکی گونجاوی دەزانێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم و زیادی کرد: ناڕازیبوون لە تەعامولی حیزبی دیموکرات لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، لەوانەش یەکێتی نیشتمانیی، پرسێکی جێی ئەسەفە.

خۆشناو جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی هەوڵ دەدات هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە بڕیارەکەی یەکێتی دا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداری کردن لە حکوومەتی هەرێم و چالاکییە حکوومییەکانی تا ئەو کاتەی قەیرانی سیاسی ئێستا چارەسەر دەبێت.

ناوبراو دەشڵێت: "ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێینەوە یان بایکۆتی ئەم حکوومەتە دەکەین، چوونکە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی هەرێمی سلێمانی بە مانای ڕووخانی هەرێمی کوردستان دێت".