دەبێ سیاسەتی چەوتی تاڵانکاری و تیرۆری یەکێتی ڕاست بکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداری بە سەرانی یەکێتی دەدات و رایدەگەیەنێت کە "دەبێ سیاسەتی چەوتی تاڵانکاری و تیرۆر کە یەکێتیی ئێستا پشتی پێ بەستووە، راست بکرێتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم هەرکی، ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە باسنیوزی راگەیاندووە: "زۆر گرنگە حکوومەت لەسەر هەنگاوەکانی خۆی بەردەوام بێت، هەم لە رووی چاکسازییەوە، هەم پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێویستە سیاسەتی چەوتی تاڵانکاری و تیرۆر کە یەکێتیی ئێستا پشتی پێ بەستووە، ڕاست بکرێتەوە، ئەگەر ئەو حزبە خۆی ئەوە نەکات، حکوومەت لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ڕێوشوێنە یاساییەکان، دەیکات".

ئەوەشی خستە روو کە: "ئەگەر یەکێتی دەیەوێت لە کوردستاندا وەک حزبێکی رێزلێگیراو و لە حکوومەتیش وەک بەشدارێکی کارا بمێنێتەوە، دەبێ هاوکار بێت لە نەهێشتنی تاڵانی لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان، بە تایبەتیش لە سنووری گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی و راپەڕین، هەروەها ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوە گلاون رادەستی یاسایان بکات، تا دادگاکان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، چونکە حکوومەت چاوپۆشی لە هەڵە و کەموکوڕی و تاڵانی ناکات، لەبەر خاتری هیچ لایەنێک زیان لە هاونیشتمانییان نادات و سازش لەسەر مافەکانیان ناکات".

لەبارەی فشارە بەردەوامەکانی یەکێتی چ لە رووی بانگەشەی بایکۆت کردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، چ لە ڕووی بەکارهێنانی میدیاکانی سەر بە یەکێتی وەک ئامرازێک بۆ دژایەتیی حکوومەت، چ هەڵکوتانە سەر فەرمانگەکانی حکوومەت لە ڕێگەی هێزی دەمامکدارەوە، نازم هەرکی گوتی: "ئەگەر یەکێتی بە خەیاڵی خۆی دەیەوێ بەم جۆرە فشارانە و ئەم رێگا نادروستانەوە لەلایەن حکوومەتەوە چاوپۆشی لە هەڵەکانی بکرێت، ئەوا با دڵنیا بێت حکوومەت ناچێتە ژێر باری هیچ فشارێک و یاسا و دادگاکان دەبێ سەروەر بن لە بابەتی تیرۆر و ئەو تاڵانییەی کە یەکێتی دەستی داوەتێ".

باسیشی لەوە کرد کە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت، حکوومەت ببێت بە حکوومەتی هاووڵاتیی و دوور لە فشاری هەر حزبێک کارەکانی بەڕێوە ببات، کابینەی نۆیەم ویستی ئەوەیە کە هەر تاکێکی ئەم هەرێمە حکوومەتەکە بە حکوومەتی خۆی بزانێت، لەلایەکی دیکەش کار بۆ نەهێشتنی ئاسەواری دووئیدارەیی دەکات، بەڵام لێرەدا یەکێتی کێشە دروست دەکات و پێی وایە کە ئەگەر حکوومەت دەستی خزمەت بە زۆنی سەوز بگەیەنێت، ئیتر ئەو ژاوەژاوە دژی حکوومەت و پارتی نامێنێت و ئەوان زەرەری لێ دەکەن، بە عەقڵی خۆیان پێیان وایە ئەوە مەترسی لەسەر هەژموونی ئەوان دەکات، لە کاتێکدا دەبوو رێخۆشکەر بێ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاساش بۆ ئەو سنوورانە".

ئەو ئەندامە یەدەگەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێیوایە، دەبوایە یەکێتی پشتی حکوومەت بگرێ، هەر وەک چۆن پارتی پشتی حکوومەتی گرتووە بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی، "ئەو بەرنامەیە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی دانراوە و دەبوو تا سەر لەگەڵی بن، نەک لە نیوەی ڕێگادا وەک ئۆپۆزسیۆن لێی بێنە دەر و دژایەتیی بکەن، ئەم کارانەی یەکێتی کاریگەریی نەرێنیی لە سەر خودی خۆیان و دەنگەکانیشیان دەبێت، ئەگەر قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی راست دەکەن، با یان بەتەواوی لە حکوومەت بکشێنەوە یان پشتیوانیی حکوومەت بکەن بەتەواوی تاوەکوو خزمەتی خەڵک بکات".

News Code 7425

Your Comment

You are replying to: .
captcha