گەڕە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ هەسەدە دەستپێکردووەتەوە
بەشی جیهان- وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە باکووری سووریا لە هەفتەی رابردووەوە بە تەواوەتی دەستیانکردووەتەوە بە گەڕە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکا لە 9ی ئەم مانگەوە بە تەواوەتی گەڕە سەربازییە هاوبەشەکەیان لەگەڵ هەسەدە لە ناوچەکانی کوردستانی سووریا و باکووری ئەو وڵاتە دەستپێکردووەتەوە.

لەوبارەیەوە، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایدەگەیێنێت: "دەتوانم پێتان رابگەیێنم گەڕە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیانپێکردووەتەوە و لە بەرواری 9ی کانوونی یەکەمەوە بە تەواوەتی دەستیانپێکردەوە، جارێکی دیکە، سەرنجمان ئەوەیە لەگەڵ هێزە خۆجێییەکان کار بکەین بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونەوەی داعش".

ناوبراو گوتیشی: "دەبێت ناوچەکە بە سەقامگیریی بمێنێتەوە، تاوەکوو بتوانین لەگەڵ هاوبەشە خۆجێیەکانمان لە ناوچەکە کار بکەین و رێگریش بکەین لە سەرهەڵدانەوەی داعش".