گرنگه‌ روانگه‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنى عێراق و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کانى
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازیی له‌ باڵیۆزى ئه‌مریکا کرد و رایگه‌یاند، گرنگه‌ تێگه‌یشتن و ڕوانگه‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و به‌ڕێوه‌بردنى سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کانى.

کوردپرێس: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئالینا ڕۆمانۆوسکى، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق کۆبوه‌وه‌، دوا سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى وڵات، کارنامه‌ى حکومه‌تى فیدراڵى عێراق، کارکردن بۆ پته‌وکردنى په‌یوه‌‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور و سیستمى فیدراڵى، گفتوگۆ و سه‌ردانە به‌رده‌وامەکانی ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ دروست بوونى تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش، تاوتوێ کران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، جه‌ختیان له‌ کارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى وڵات به‌گشتى کرده‌وه‌‌ و هاوڕابون له‌سه‌ر گرنگیى پشتیوانیکردنى سه‌رۆک وه‌زیران و کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى فیدراڵى عێراق‌، دۆخه‌که‌شیان به‌ ده‌رفه‌تیک زانى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى عێراق و جێبه‌جێکردنى کارنامه‌ى حکوومه‌ت. هه‌روه‌ها گرنگیى جێبه‌جێ کردنى ڕیککه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدراڵیى عێراقیان بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌کان به‌ پێویست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌مدا.

نێچیرڤان بارزانى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دووپاتیکرده‌وه‌، "گرنگه‌ تێگه‌یشتن و ڕوانگه‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و به‌ڕێوه‌بردنى سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کانى عێراق به‌ جۆرێک کار و خزمه‌تگوزاریى باشتر بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و ببێته‌ هۆى ئارامى و سه‌قامگیرى و پاراستنى سه‌روه‌ریى وڵات".