بۆردی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دامەزرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆردی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەی دامەزراند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بەدامەزراندنی ئەم بۆردە "حاکم عادل مەلا ساڵح" سکرتێر و وتەبێژی بۆردی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لەلێدوانێکیدا بە شارپرێسی ڕاگەیاندووە: لەدوای هەوڵی زۆری وەزارەتی شەهیدان بۆ چارەنووسی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە و گەیاندنی ڕاسپاردەکان بە ئەنجومەنی وەزیران و پەسەندکردنی، دواجار بڕیاردرا بۆردێک لەلایەن وەزارەتمانەوە بەهاوکاری ڕاستەوخۆی وەزارەتەکانی داد و تەندروستی و ناوخۆ لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ چارەنوسی منداڵانی ونبووی کارەساتی کیمیاباران کردن دابمەزرێت.

ناوبراو وتیشی: "لەدوای ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە لەهەمانکاتدا سەرۆکی بۆردەکەیە، بۆردەکە یەکەمین کۆبوونەوەى خۆی سازکرد کە تیایدا ڕێکار و کارنامەى داهاتووى بۆردەکە دیاریکرا و چەندین ڕاسپاردە و پێشنیازی گرنگیش بەمەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە گەڵاڵە کردا.

وتەبێژی بۆردی چارەنوسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە ئاشکراشی کرد، ئەم بۆردە، بۆردێکی کوردستانییە و تایبەت بەو منداڵانەی هەڵەبجەیە کە لەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لەتەمەنی 1 ڕۆژ تاخوار تەمەنی 18 ساڵی ونبوو و بێ سۆراغن.

لەبارەی هاوکاری کردن و پەیوەندی ئەم بۆردەوە لەلایەن وڵاتەنەوه عادل مەلاساڵح ئاشکرای کرد، ئێمە بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی بۆرد لەگەڵ کونسوڵی ئێران دەکەین و هەوڵەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە لەسۆراغی منداڵە ونبووەکان یەکدەخەین.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، لە سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا نزیکەی 211 منداڵی ونبوو هەیە و تا ئێستا بەوتەی بەرپرسانی ئەم ڕێکخراوە بەجددی کار بۆ گەڕانەوەیان نەکراوە و دامەزراندنی ئەم بۆردەش دەتوانێت هیوایەک بۆ کەسوکاری ونبووان و چارەنووسی منداڵە ونبووەکان بێت.

News Code 7436

Your Comment

You are replying to: .
captcha