لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێت، مانگانە پشکی هەرێم نزیکەی یەک ترلیۆن ‌و 300 ملیار دینار دەبێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان له‌باره‌ى ئه‌و 400 ملیاره‌ى به‌غدا به‌نیازه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بكات، ده‌ڵێت:"بەنیوەی ئەو پارەیه‌ى لەبەغداوە دێت دەتواندرێت پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12 بدرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات، "پرسیارمان کرد، ئەو پارەیه‌ى بەغدا ناردویەتی بەناوی تەواوکاری مووچەیە بۆ مانگه‌كانى (11و 12) له‌و پاره‌یه‌ش 172 ملیار دیناری بۆ زۆنی سلێمانیە و 228 ملیاریشى بۆ زۆنی هەولێر و دهۆکە، مووچەی مانگی 11ش بەبێ بەغدا ئامادەیە".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێت: "بۆ مانگی 12، داهاتی نەوت لە25ی مانگەوە دەگەڕێتەوە، دەتواندرێت بە200 ملیاری بەغداوە پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی 12 بدرێت، 200 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "بۆ مانگی 1ی 2023ش دەتواندرێت موچە ڕێکبکرێتەوەو لەکاتی خۆیدا بدرێت".

وه‌كوو ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى پێكردوه‌، ئه‌گه‌ر لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێت، مانگانە پشکی هەرێم نزیکەی یەک ترلیۆن ‌و 300 ملیار دینار دەبێت، بەو داهاتانەی ناوخۆوە کە ناگەڕێتەوە، داهاتی مانگانە دەگاتە یەک ترلیۆن ‌و 500 ملیار کە 900 ملیاری بۆ مووچەیە و 600 ملیاریشى بۆ پڕۆژە و خەرجی ‌و بوارەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بۆیە بژاردەی دروست ڕێککەوتنە لەگەڵ عێراق".