سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، کۆ بوونەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە محەمەد مەولوود یاقووت كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی کوردستان 24 بڵاوی کردەوە رۆژی یەكشەممە 18ـی كانوونی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین، مەسعوود بارزانی و محەمەد مەولوود یاقووت کۆ بوونەوە و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و بایەخی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و هەروەها دۆستایەتیی و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیایان تاوتوێ کرد.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستیی جێبەجێ كردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و رەنگدانەوەی لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی تازەی عێراق كرایەوە.

هەروەها باس لە گرنگیی جێبەجێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال و "گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان و كۆتایی هاتن بە ئێش و ئازار و ژیانی ئاوارەیی خەڵكی دەڤەری شنگال كرایەوە".