
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە لە (٢٠٠٥)ەوە دوو سێکتەری سەرەکی یەکیان نەگرتوەتەوە و بە نیشتیمانی نەکراون کە ئەوانیش دارایی و هێزی چەکدارن، تا ئەوان بە نیشتیمانی نەکرێن ئەم گرفتانە بەردەوام دەبن، چوونکە لە ڕووی هێزی چەکدار و دارایی تائێستا دوو هەرێمین نەک یەک هەرێم.
ناوبراو باس لەوەش دەكات، ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەی ئێستایە و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتەن بەردەم مەترسییەوە و دەشڵێت: دەکرێت ململانێ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت بۆئەوەی خزمەتی زیاتری میللەتەکەمان بکەین، بەڵام ناکرێت ناکۆکی و دژایەتی یەکتری بکەین، بەڵام ئەم ململانێیەی دروست بوە لەنێوان پارتی و یەکێتی، تەنها بەرەو ئاڕاستەی دو بەش کردنی ئیدارەی هەرێمەوە نییە، بەڵکوو بەرەو ئەوە دەڕوات کە قەوارەی هەرێمیش بخاتە ژێر مەترسییەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، لەبارەی ئەو هەڵمەت و هێرشانەی دەکرێتە سەر کارەکانی، دەڵێت: ئەو لایەنانە لەجێی ئەوەی پشتیوانی کارە باشەکان و خزمەتی هاوڵاتییان بکەن گومانی لەسەر دروست دەکەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هیچ یەک لەو هەنگاوانە ئەوان لە کار و خزمەتەکانیان بۆ هاوڵاتییان سارد ناکاتەوە.