پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی زۆر زۆر له‌یه‌ک نزیکن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی له ‌په‌یامێکدا ڕایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ پارتى زۆر زۆر له‌یه‌ک نزیکین ‌و ئومێدمان هه‌یه‌ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رى هه‌موو کێشه‌کان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر شێخ مسته‌فا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ‌و جێگری سەرۆکی هەرێم له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند: "هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌تایبه‌ت یه‌کێتى که‌ خاوه‌نى گه‌وره‌ترین هێزه‌ له ‌کوردستان ‌و خاوه‌نى گه‌وره‌ترین ژماره‌ى شه‌هیده‌، ده‌بێت ده‌رفه‌ت بده‌نه‌ یه‌ک بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى ڕیزه‌کانى گه‌لى کورد".

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان بیربکه‌نه‌وه ‌و بزانن شه‌هیده‌کانمان له‌پێناوى چیدا شه‌هید بوون، ده‌بێت دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کى تایبه‌تى‌ و شه‌خسى".

له‌باره‌ى هه‌وڵه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمیش بۆ کۆتایی هاتنى کێشه‌کانى پارتى ‌و یه‌کێتى، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم وتى: "سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌موو هه‌نگاوێک ده‌نێت ‌و پێشتریش هه‌نگاومان ناوه‌".

سه‌باره‌ت به ‌په‌یوه‌ندیه‌کانى پارتى ‌و یه‌کێتیش له‌ئێستادا، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئاشکرایکرد: "په‌یوه‌ندیمان زۆر زۆرباشه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، له‌دواى کۆنگره‌که‌شیان، پارتى چه‌ند بڕیارێکى ده‌رکردوه‌، ئومێدمان هه‌یه‌ هه‌رچى زوه‌ کۆ ببینه‌وه‌ و لێکنزیک بوونه‌وه‌شمان هه‌یه‌".