سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە
بەشی سووریا- بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کوردستانی سووریای کرد و لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای فەرمیی یەکێتی بڵاوی کردەوە بافڵ تاڵەبانی لەو دیدارەدا پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان لە کوردستان و سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاندووە: "هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکوو گفتوگۆ بکەینە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێش".

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد و وتی، "لەماوەی رابردوودا هێزەکانمان سەروەری گەورەیان تۆمار کردووە و گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە. دڵنیاین بە هەماهەنگی و هاریکاری زیاتری نێوانمان دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتر تۆمار بکەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی نێوان سووریا و عێراق کە بۆشایی ئەمنی هەیە و جمجوڵی تیرۆریستانی تێدایە".

ناوبراو وتیشی، بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستانی سووریا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. یەکێتی خۆی بە خزمەتکاری هەموو کورد دەزانێت، کوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەکبوون و یەکڕیزیمانەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە "یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کوردستانی سووریا پاراستنی ماف، کەلتوور و زمانی کوردییە لە ناوچەکە و بۆ ئەمەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەکەی یەکێتیش لەپێناو یەکبوونی گەلی کورد و یەکگوتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانمان. دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانمان پەیوەندییەکی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەکانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆک مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین".

میدیای زمانحاڵی یەکێتی هەروەها بڵاوی کردەوە؛ مەزڵوم کۆبانێ لەو دیدارەدا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "رۆژئاوا هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبیرناکات کە بەردەوام پشتیوانێکی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەکانی دژەتیرۆر کە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنی و سەربازییەکانی رۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە".

‌‎لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گرفتەکانی بەردەم پرسی کورد لە ناوچەکە، مەزڵوم کۆبانێ وتی، هەموو هەوڵێکمان لەپێناو ئازادیی کورد و پاراستنی مافەکانمانە.