بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتانی تورکیا، ئەندامێتیی پەرلەمانتارێکی کورد هەڵوەشێندرایەوە
بەشی تورکیا- په‌رله‌مانی توركیا به‌هۆی بوونی وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڕیاریدا بە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گه‌لان له‌ په‌رله‌مان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی میدیاكانی توركیا، په‌رله‌مانی توركیا به‌ده‌نگی 330 ئه‌ندامی په‌رله‌مان، ئه‌ندامێتی سیمرا گۆزێلی په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و بڕیاریدا له‌ په‌رله‌مان دوور بخرێته‌وه‌.

هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وێنه‌یه‌كی سیمرا گۆزێل له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاو كرایه‌وه‌.

له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ڕێكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی له‌ په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد، بۆئه‌وه‌ی به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی "تیرۆریستی" سیمرا گۆزێل راپێچی دادگا بكرێت، تائێستاش هیچ واده‌یه‌ك بۆ دادگاییكردنه‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌.